Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:39

هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان .. ته‌مه‌نێك بۆ ‌ئاوازو گۆرانی ..!

( 24/2/1927_ 14/1/2016)
کوردستان TV
100%

خۆ هه‌موو گه‌رووه‌كان زێڕین نین .

هه‌موو هه‌ناسه‌كان نابن به‌كزه‌ و باو شه‌ماڵ !

خۆ هه‌موو ده‌نگه‌كانیش ده‌نگی كه‌ریم كابان نین

 ( شێركۆ بێكه‌س)

كه‌ریم  كابان ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگ و ئاوازه‌ خۆشه‌كانی له‌گوێ و بیر و هه‌ستماندا ده‌زرینگێته‌وه‌ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌زیندووێتی ده‌مێنێته‌وه‌ ، ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هه‌موو كات وه‌ك شنه‌بایه‌كی فێنك له‌بناری گۆیژه‌وه‌ هه‌ڵده‌كات و به‌كوچه‌ وكۆڵان و  شه‌قامه‌كانی شاردا هێدی هێدی دڵ و ده‌روونی هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ئارام ده‌كاته‌وه‌،ده‌نگێكی ئارام به‌خش و كاریگه‌ری هیچ ده‌نگێكی تری به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌و له‌هیچ ده‌نگێكی تر ناچێت،

كه‌ریم كابان ئه‌و ده‌نگ و هونه‌ره‌ی كه‌ زۆر به‌جوانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌دا ده‌كرد و به‌ئه‌دایه‌كی چێژ به‌خش و نه‌رم نیان و پڕ هه‌ستێكی هونه‌ری ده‌یگه‌یانده‌ گوێی بیسه‌ران و هۆگرانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی،

سەركەوتن و گەورەیی و بەنرخی بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە  دەگەڕێتەوە بۆ ئاست بەرزی و هوشیاری و سه‌لیقه‌ی ئه‌ده‌بی و ئاشنابوونی به‌ شاعیرانی كلاسیك و هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ به‌رزه‌كانی ئه‌و شاعیرانه‌وه‌ و له‌هه‌ستێكی جوانی هونه‌رییه‌وه‌ میلۆدییه‌كی ناوازه‌ی بۆ داده‌ڕشتن.‌

هەرچەندە بەرهەمەكانی كەریم كابان لەئاست تەمەنیدا كەمن، بەڵام خەرمانێكی بەركەت و بەنرخی پێشكه‌ش به‌ مۆسیقاو ئاوازو گۆرانی كوردی كردووه‌ ، كەهەریەك لەو بەرهەمانە تایبەتمەندی خۆی هەیە لەڕووی ( ئەدا) و هۆنراوەوە ئاوازەوە ،

كەریم كابان خاوەنی دەنگێكی بەسۆزو گەروویەكی پاك و پاراوی كوردییە ، كە دەنگی لە هیچ هونەرمەندێكی نەپێش خۆی و نە لە دوای خۆی ناكات دەنگێك پڕ لەبۆن و بەرامەی كوردەواری.

كەریم كابان مرۆڤێكە زادەی كۆمەڵگای كوردەواریە و وەك هەرتاكێكی ئەم میللەتە بێ‌ بەش نەبووە لەچەوساندنەو  زوڵم ستەم و سەختیەكانی ژیان ، لەژیانیدا ڕووبەڕووی گەلێك كێشەو تاڵییەكانی ژیان بۆتەوە ، سەردەمی منداڵیی و مێر منداڵی و هه‌رزه‌كاری كەریم كابان ، سەردەمی نەداری و قات و قڕی و هه‌ژاری  و به‌رپابوونی جه‌نگی جیهانی بووە، كە كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خێزانەكان بەگشتی داناوە، خانەوادەی ئەم هونەرمەندەش بەهەمان شێوەی ژیانی ئەو خەڵكەش كاریگەری و ئازاری ئەو نەهامەتییانەیان چەشتووە .

كەریم كابان لەتافی لاوێتیدا تێكەڵاو بە سیاسەت  دەبێت و بەرەو هەستی نەتەوایەتی هەنگاو هەڵدەگرێ‌ ، بێشك ئەم كارەش لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە بەوپەڕی توندی و ئاگرو ئاسن وەڵامی خواستی تاكی كورد دراوه‌ته‌وه‌ ، كەریم كابانیش بەدەرنەبووە لەو وەڵامە توندانەی داگیركەرو كەوتۆتە بەر شاڵاوی دڕندانەی ڕژێمی چەوسێنەر و داگیركەر، هونەرمەند لەزێد و نیشتمانەكەی دوور دەخرێتەوە  بۆ شارەكانی باشووری ئێراق زیاتر له‌ (10) ساڵ له نێوان ‌شاره‌كانی ( ناسریه‌ و ڕومادی و  دیوانیه‌و نه‌جه‌ف) ،  بێگومان ئەو هەڵكەندنە لەزێدو و فەرهەنگ و كلتووری نەتەوەكەی ، كاریگەر و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تەواو لەسەر ژیان و هونەری كەریم كابان دادەنێت.

جێگەی ستایش و ڕێزو حورمەتە بۆ هونەرمەندانی گەلەكەمان لەهەربوارێكی هونەردا كاریان كردبێت ، لەگەڵ ئەو هەموو چەوساندنەوەو ڕاوەدونان و دوورخستنه‌وه‌و لەناوبردن و دزینی سەروەت و سامانی هونەری نەتەوەكەمان لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە، هونەرمەندەكانمان بەهەستێكی نەتەوەیی پڕجۆش و خرۆشەوە گەشەیان بە هونەركەیان داوە و بەرهەمی نوێیان خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری،  بەبەرهەمە هونەرییەكانیان وەڵامی داگیركەران یان داوەتەوە ، بێشك كەریم كابانی هونه‌رمه‌ند یەكێكە لەو هونەرمەندە بەرزو خاوەن هەڵوێستەی گەلەكەمان، كه‌ بۆ هونه‌ری ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ژیا.

به‌رله‌وه‌ی باس له‌لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان بكه‌ین ، بابزانین بۆ نازناوی ( كابان)  كه‌ ناوێكی  جوان و پڕ واتایه‌ بۆته‌ پاشگری ئه‌و بنه‌ماڵه‌ی شاری سلێمانی  كه‌هه‌موویان به‌( كابان) ناسراوون..!

  بنه‌ماڵه‌ی كابان ، یه‌كێكن له‌ خانه‌واده‌ دیاره‌كانی شاری سلێمانی ، ئه‌و نازناوه‌ی (كابان) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دایه‌ گه‌وره‌یان، كه‌ خاتوونێكی سه‌لار و خانه‌دان و خاوه‌ن ده‌رگا و دیوه‌خان بووه‌، له‌به‌ر لێهاتوویی و  بوێریی و زیره‌كی و ‌توانایی به‌ڕێوه‌بردن له‌كاروباری ماڵ و ماڵداریدا  خاتوونێكی  دڵفراوان و سه‌خی ته‌بیعه‌ت بووه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و ڕێبواران، له‌ ده‌ڤه‌ری مه‌رگه‌ نازناوی (كابان) ی به‌سه‌ردا دابڕاوه‌ ، ئه‌م نازناوه‌یان  له‌ داپیره‌ گه‌وه‌ره‌یان بۆ به‌جێ ماوه‌ته‌وه‌ و ، تائه‌مڕۆ ئه‌و خانه‌واده‌ هونه‌رمه‌ند و فره‌ به‌هرانه‌ی هونه‌ر و ئازیزه‌ی شاری سلێمانی به‌و نازناوه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌،

( عه‌بدولكه‌ریم جه‌لال مه‌حمود)  ناسراو به‌ ( كه‌ریم كابان) .

هونه‌رمه‌نده‌ دیار و گه‌وره‌كه‌ی كورد كه‌ریم كابان ، لەیەكێك لەگەڕەكە دێرینەكانی شاری سلێمانی بەناوی ( مەڵكەندی _شێخان ) لە خێزانێكی ( ئایینی / هونەری )  له‌ئه‌نجامی هاوسه‌رگیری ( جه‌لال مه‌حمود  و حه‌لاوه‌ عه‌لی)  له‌ڕێكه‌وتی ( 24/2/1927)  منداڵێك چاوی به‌دنیا هه‌ڵدێنێ و ناوی ده‌نێن ( كه‌ریم).

بنەماڵەی كابان  ، بنەماڵەیەكی ناوداری شاری سلێمانین و بەبنەماڵەیەكی هونەری ناسراون چونكە زۆرینەی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە دەنگیان خۆشەو سەرقاڵی كاری هونەرین له‌بواری  ( مۆسیقا و گۆرانی و شێوه‌كاری)  

 ( جەلال مەحمود ) ی باوكی هونەرمەند پیشەی ( چایچی ) بووە  بەڵام دەنگخۆش و دەف ژەنێكی زۆر بەتوانا بووە لەزۆرینەی خوێندنەوەی مەولود نامەكان و سرووتە ئایینی یەكانی شاری سلێمانی بەشداریكردووە ، لەو ڕووانگەیەوە ئەم بنەماڵەیە به‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و هونەری ناسراوون ،

كەریم كابان خاوەنی ( سێ‌  براو سێ‌ خوشكە )  بەناوەكانی

 ( بەهادین ، قادر ، جەمال و بەدری ، ئەختەر و شوكری ) هەرسێ‌ براكانیی  دەنگیان خۆشەو كاری هونەرییان ئەنجامداوە ، بەتایبەت ( شەهید قادركابان )  و خوالێخۆشبوو ( جەمال كابان )  جیا لەدەنگخۆشیەكەی ژەنیارێكی سەركەوتووی تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو ،

هونه‌رمه‌ند كەریم كابان، له‌ماوه‌ی ژیانی تایبه‌تی دا،  دووجار ژیانی هاوسەری پێكهێناوە ، یەكەم هاوسەری بەخۆشەویستی خواستووە لە ( ڕواندز) ئەویش بەهۆی كاری وەزیفی یەوە كه‌ پۆلیسی ( بێ ته‌ل) بووه‌ و ، ماوەی ساڵ و نیوێك پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەبووە و پاشان ژیانی هاوسەری پێكدێنن ، ئەو خاتوونە ناوی  ( سەبری ) دەبێت  وله‌ئه‌نجامی هاوسه‌رگیرییان ده‌بنه‌ خاوەنی كچێك بەناوی ( نەخشە ) ، بەڵام به‌داخه‌وه‌ ژیانی هاوسەریان  زۆر درێژە ناكێشێ‌ و  هه‌ردوو هاوژین لێك جیا دەبنەوە.

كەریم كابان  سەرلەنوێ‌  ژیانی هاوسەری دروست دەكاتەوە  لەگەڵ خاتوونێك كە كچی خاڵی خۆیەتی بەناوی ( ئایشە ) لەڕێكەوتی ( 5/9/1955)  ده‌بنه‌ خاوەنی ( سێ‌ كوڕو دووكچ )  بەناوەكانی ( شوان ، بەرزان و سۆران ، چنوور و چیمەن )

هونەرمەند خاوەنی گەلێك خەسڵەتی جوان لەكەسایەتی و هونەرەكەیدا بەرجەستە بووە ،  مرۆڤێكی هەست ناسك ، كوردپەروەر ، عاشق ، عاشقی هونەرو سروشتی جوانی كوردستان و نەتەوەكەی، هه‌روه‌ها شیعر دۆست ، مرۆڤێكی قسە خۆش و خۆش مەشرەب و هەمیشە شیك و جوان پۆش و مرۆڤدۆست ، بەڵام جیا لەبەهرەی دەنگخۆشیەكەی كەریم كابان ئاوازدانەرێكی باش و بەتوانایە و ئاوازی بۆ زۆربەی بەرهەمەكانی خۆیی و شەهید قادر كابان و چەند هونەرمەندێكی تر داناوە.

 كه‌ریم كابان  له‌ حوجره‌وه‌  بۆ قوتابخانه‌..!

له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی ئایینی بووه‌، له‌ته‌مه‌نێكی زۆر منداڵیدا خراوه‌ته‌ ( حوجره‌) لای مه‌لا تافێری خوێندنه‌وه‌و قورئانی پیرۆز بێت،

( دایكم به‌كۆڵ بردوومی بۆ حوجره‌، له‌وێ له‌گه‌ڵ فێربوونی قورئان و ئه‌لف بێ دا ، ( گوڵستانی سه‌عدی شیرازی) یان پێ ڕه‌وان كردووم ، به‌ته‌واوه‌تی فێری خوێندنه‌وه‌ بووم ، له‌بیرم نایه‌ت كه‌ نه‌خوێنده‌وار بووبم ) (1)

بەهرەی دەنگخۆشی ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە قوتابی پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی بووە لە قوتابخانەی ( فەیسەڵیە)  لە تیپی سروودی ئەو قوتابخانەیە وەك قوتابیەكی چالاك و دەنگخۆش گۆرانی و سروودی خوێندووە و بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی ئەو قوتابخانەیەی كردووە ،

كەریم كابان قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواو دەكات و بەردەوام دەبێت لە خوێندن و قۆناغی ناوەندی لەسلێمانی تەواو دەكات له‌ساڵی (1942) ، بەڵام بەداخەوە بە هۆی گرانی و سەختی ژیان و كاریگەرییەكانی جەنگی جیهانی دووەم ( 1939_1945)  ، هونەرمەند ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات و دەست بەرداری خوێندن دەبێت ،

هونەرمەند كەریم كابان وێڵە بەدوای برەودان بە هونەرو دەنگخۆشیەكەی و بەدوای كەناڵێكدا دەگەڕێت لەو ڕێگەیەوە گەشە بەهونەرەكەی بدات ، لەو سەردەمەدا كە ڕادیۆ و هۆكارەكانی ڕاگەیاندن نەبوون یان زۆر كەم بوون بەتایبەت بۆشارێكی وەك سلێمانی و ئەو جەنگە ماڵوێرانیە كە جیهانی گرتبۆوە ، خەڵك  لێی بێ‌ ئاگابوون لە كارەسات و ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی دووەم ، ئینگلیزەكان ئیستگەیەكی ناوخۆیی لەشاری سلێمانی دادەمەزرێنن ، ئەو ئیستگەیە پێكدێت لە ( ئەمپریفایەرێك و میكرۆفۆنێك و چەند بڵندگۆیەك) ، لەبەر ئەوەی ئەو سەردەمە شاری سلێمانی  هێندە گەورە نەبووە و  بەردەركی سەرا سەنتەری شاربووە  و زۆرینەی چایخانەكان وه‌ك ( چایخانه‌ی  حه‌مه‌ ڕه‌ق ، حاجی عه‌ول و حه‌مه‌ تۆڵه‌)  و دوكانەكان لەو شوێنەدابوون  شوێنی كۆبوونەوەی خەڵك و ئاڵوگۆڕی كاڵاكان بووە ، ئینگلیزەكان ئەو بڵندگۆیانە لەبەردەركی سەرا و ئه‌و چایخانانه‌ دادەنێن ، كاری ئەو ئیستگە ناوخۆییە تەنها ئەوەبووە كە هەواڵ و ڕووداوەكانی جەنگ بگەیەنێتە دانیشتوانی شاری سلێمانی، خوالێخۆشبوو ( مەدحەت موبارەك ) كارمەندێكی ئەو ڕادیۆیەوە بووە و كاری ئەوەبووە هەواڵەكانی وەرگرتووە و خوالێخۆشبوو( ئەحمەد عارف) وەك بێژەری ئەو ڕادیۆیە هەواڵەكانی خوێندۆتەوە ، هونەرمەند ( كەریم كابان ) لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ( مەعاریفی سلێمانی) یەوە بەنوسراوێكی فەرمی لەو ئیستگە ناوخۆیە دادەمەزرێت و بەشێوەی ڕاستەوخۆ گۆرانی  دەخوێنێ‌ و  لەڕێگەی ئەو بڵندگۆیانەوەخەڵكی شاری سلێمانی گوێبیستی دەنگی خۆشی هونەرمەند دەبن، سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان ده‌ڵێت ( من به‌ڕه‌سمی له‌قوتابخانه‌وه‌ چووم بۆ ئه‌و ئیزگه‌ ناوخۆییه‌، ئه‌وكاته‌ ساڵی (1941) بوو له‌وێ گۆرانیم گوت ، ئه‌وكاته‌ جیهازی تۆماركردن نه‌بوو ڕاسته‌وخۆ گۆرانیمان ده‌گووت ، وه‌تیپی مۆسیقاشیان نه‌بوو به‌بێ مۆسیقا گۆرانیمان ده‌گووت ، له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ ئاشكرابوو كه‌زانیان ده‌نگم خۆشه‌، من ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرد له‌وكاته‌وه‌) (2)

هونەرمەند كەریم كابان  لەساڵی (1945)  بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن  ڕوودەكاتە شاری ( بەغداد ) بەو مەبەستەی لە ( دار المعلمین ریفی ) بخوێنێ‌، بەڵام بەهۆی وەرگیرانی ڕێژەیەكی زۆری قوتابی لەو خانەیە، هونەرمەند وەرناگیرێت و نائومێد دەبێت، هونەرمەند لەبەر ئەوەی زەحمەت و ماندوو بوونەكەی بەهەدەر نەڕوات و ناچار دەبێت ڕووبكاتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بێ‌ تەل ( بێ سیم _  مخابرە)  لەوێ‌ وەردەگیرێ‌ و دەبێت بەپۆلیس.

  كەریم كابانی هونه‌رمه‌ند  هونەرەكەی هەمیشە لەیادەو و ناتوانێت  فەرامۆشی بكات و دەكەوێتە بیری ئەوەی چۆن خۆی بگەیەنێتە ڕادیۆی كوردی بەغدا، دەكەوێتە پرسیاركردن و كاتێك دەبیستێ‌ كە خوالێخۆشبوو ( كامیلی كاكە ئەمین1912_16/4/1987 ) بەڕێوەبەر و سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی ئیستگەی كوردی بەغدایە، زۆر خۆشحاڵ دەبێت و هەرچۆنێك دەبێ‌ پەیوەندی دەكات بە كامیلی كاكە ئەمین ه‌وه‌، ناوبراو زۆری پێخۆش دەبێت كە كەریم كابان لەبەغدایە ، دوای یەكتر بینین و گفتوگۆكردن لەسەر كاری هونەری كامیلی كاكە ئەمین پێشنیاری ئەوە دەكات لە ئیستگە لەگەڵ تیپی مۆسیقای ئیستگە گۆرانی بخوێنێ‌ ، كەریم كابانیش پێشنیارەكەی پەسەند دەكات و ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی  ئەوەی لەبەڕێوەبەرایەتی لاسلكی كاردەكات دەرفەتی ئەوەی نیە كەبەردەوام سەردانی ئیستگە بكات، بەڵام تەنها دەتوانێ‌ ڕۆژانی هەینی  ئامادەبێت ، كامیلی كاكە ئەمین  ڕەزامەندی ئەدات و بە هونەرمەند دەڵێت هەموو هەینی یەك پاش نیوەڕۆیان لە كاتژمێر ( 5:00 بۆ 5:30)  تەرخان دەكەین بۆ خوێندنی بەرهەمەكانت ، ئەو كاتە لەبەر نەبوونی ئامێری تۆماركردن  بەرهەمەكان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڵاوكراونەتەوە.

هەموو هەینی یەك كەریم كابان نیو كاتژمێر پێش ئەو كاتەی بۆی تەرخان كراوە لە ئیستگە ئامادەبێت و لە گەڵ تیپی مۆسیقای ئیستگە پرۆڤە دەكات و لەوادەكەی خۆیدا گۆرانیەكان دەخوێنێ‌ ، گروپی مۆسیقای ئیستگە لەو سەردەمە خوالێخۆشبوو (جەمیل بەشیر )   سەرپەرشتی كردووە ، كەریم كابان بەو شێوەیە تاماوەی (3) ساڵ  بەردەوام دەبێت تا ساڵی ( 1947)  بەرهەمەكانی پێشكەش دەكات.

هونەرمەند یەكەم بەرهەمی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەئیستگەی كوردی  بەغدا لەڕێكەوتی ( 1/7/1945) گۆرانی ( ئه‌مبه‌ره‌و به‌ره‌) بڵاودەكاتەوە.

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و بێژه‌ری ڕادیۆ ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) پاڵپشت به‌ گۆڤاری ( هونا به‌غداد) سه‌باره‌ت به‌مێژووی یه‌كه‌م گۆرانی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان نوسیویه‌تی ( بۆ یێكهه‌مین كه‌ڕه‌ت له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ی (4/6/1955) به‌ستڕانی (خۆزگه‌م به‌پار ) له‌ڕادیۆی كوردیی ده‌ركه‌وتووه‌) (3)

 بەڵام لەگەڵ گۆرانی گوتندا هونه‌رمه‌ند  خولیای ئاوازدانانیش لە ناخیدا چرۆدەكات و ئاواز لەسەر هۆنراوەی شاعیرانی گەلەكەمان دادەنێت  و بەدەنگە خۆشەكەی دەیانخوێنێ‌ ، نموونەی ئەو هۆنراوانەش وەك ( ئاواتی دووری  و خۆزگەم بەپار) لە هۆنراوەی شاعیری مەزن ( گۆران )  ، و هۆنراوەی ( لەڕێی دڵداریدا ) لە هۆنراوەی ( شێخ ئەحمەد شێخ غەنی ) ناسراو بە ( فەوزی ) ،

هونەرمەند لەساڵی (1947)  بە هۆی كارەكەیەوە  دەگوازرێتەوە و بەغدا بەجێدێڵێ‌ ،بۆ ماوەیه‌ك دوور دەكەوێتەوە  لە هونەرو گۆرانی.

 دوای چەند ساڵێك  هونەرمەند بۆ مەبەستی تاقی كردنەوە و بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی ( ترفیع )  لەساڵی ( 1954)  ڕوودەكاتەوە بەغدا و سەرلەنوێ‌ پەیوەندی دەكاتەوە به‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا، خوالێخۆشبوو كامیلی كاكە ئەمین ، بەهونەرمەند ڕادەگەیەنێ‌ دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكەی پێم خۆشە سەردانی ئیستگە بكەیت لەبەر ئەوەی ئامێری تۆماركردنمان بۆهاتووە دەتوانی بۆ ماوەی (1) كاتژمێر گۆرانی تۆمار بكەیت، هونەرمەند به‌و هه‌واڵه‌ زۆردڵخۆش ده‌بێت، دوای تەوابوونی كارەكەی دەچێتە ئیستگەو لەگەڵ گروپی مۆسیقای ئیستگە پرۆڤە دەكات و (8) گۆرانی تۆماردەكات، كە (5) یان فۆلكلۆر و سیانەكەی تر بریتی بوون لەو گۆرانیانە كە پێشتر بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە هەمان ڕادیۆ خوێندوونی و لەئاوازی خۆی بوون  وەك ( ئاواتی دووری ، خۆزگەم بەپار و لەڕێی دڵداریدا) .

دوای تۆماركردنی ئەو بەرهەمانە لەڕادیۆی كوردی بەغداد ، هونەرمەند بەهۆی تێكەڵاوبوون بەكاری ڕامیارییەوە ( سیاسی) ئەوەكارەش لەلایەن ڕژێمەوە بۆ كورد یاساغ و بڤه‌بووه‌ ، ڕژێم بەبڕیارێكی شۆڤێنیانە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدات دەیگوازنەوە بۆ شارەكانی باشووری ئێراق ، (4) ساڵ و نیو  لە شاری ناسریە و (5) ساڵ لەشاری دیوانیە ژیان دوور له‌كه‌س و كار و شاره‌كه‌ی بەسەر دەبات.

 دوای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقی مه‌وله‌وی له‌ساڵی ( 1955) ئه‌نجامدانی چه‌ندین چالاكی  هونه‌ری و له‌شاری سلێمانی و شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان وه‌ك (  هه‌ولێر و كۆیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌) هونەرمەند كەریم كابان ئه‌و شانسه‌ی ده‌بێت وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و به‌توانا لەگەڵ تیپی موزیكای مەولەوی ، لە شاری ( ڕانیە )  له‌ئاهه‌نگێكدابه‌شداربێت بەسەرپەرشتی هونەرمەندی موزیكژەن خوالێخۆشبوو ( قادر دیلان ).

دوای ڕێككەوتنە مێژووییەكەی (11) ی ئازاری ساڵی

( 1970) هونەرمەند كەریم كابان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و جارێكی تر بەدیداری كەس و كارو ئازیزان و هاوڕێیانی شاد دەبێتەو  لە دونیای ئاوازو گۆرانی بۆ جارێكی دیكه‌ نزیك دەبێتەوە.

هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان عاشق و خولیای هۆنراوه‌ی جوان و سه‌نگین بووه‌، تاده‌رفه‌تی بۆڕه‌خسابێت گه‌ڕاوه‌ به‌ناو دیوانی شاعیرانی مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان و شیعری جوانی لێ هه‌ڵبژاردوون و به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی ئاوازی له‌سه‌ر داناوون، له‌ساڵی (1961)  ئاوازێكی نوێی لەسەر هۆنراوەیەكی جوان و دڵگیری مامۆستا (عه‌بدوڵڵا گۆران) بەناوی ( لەدرزی پەچەوە ) داده‌نێت،

( جاده‌چۆڵ و سێبه‌ربوو، كاتی به‌یانی

ئه‌ڕۆیشتم خه‌یاڵاوی ئه‌مڕوانی

بۆسه‌وزایی ده‌ورو پشتم بۆئاسمان

بۆشاخی به‌رز، خانووی تازه‌ دنیای جوان) .

 هونه‌رمه‌ند كەریم كابان جگەلەوەی برا گەورەی شەهید قادر كابان بووە ، بەڵام زیاتر هاوڕێ‌ بوون  و هونەر لێكی نزیك كردوونەتەوە ، و هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادركابان لەژێر كاریگەری دەنگی كەریم كابانی براگه‌وره‌یدا بووه‌ ، ڕۆژێك لەماڵەوە كەریم كابان ئەو ئاوازه‌ی كە دایناوە بۆ قادری برای دەخوێنێ‌ و تا  ڕاوبۆچوونی وه‌ربگرێت، به‌ڵام  كاتێك قادر كابان گوێبیستی ئەو ئاوازە دەبێت زۆری لەلا خۆش و په‌سه‌ند دەبێت ،  لەو كاتەدا بەكەریم كابانی برای دەڵێت ( كاكە  ئەتوانم ئەو ئاوازە لەئاهەنگێكدا لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی بخوێنم )،(4)

 ( تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ڕێكه‌وتی (23/5/1967) دامه‌زراوه‌ )(جود) .

 هونه‌رمه‌ند  كەریم كابان ڕەزامەندی ئەدات و پێی دەڵێت زۆر ئاساییە ، هەرلەو ساڵەدا تیپی مۆسیقای سلێمانی ئاهەنگێك سازدەكەن و هونەرمەند كەریم كابان وەك میوان بانگهێشت دەكەن  بۆ ئەو ئاهەنگە ،

لەئاهەنگەكەدا هونەرمەندی شەهید قادر كابان گۆرانی ( لەدرزی پەچەوە ) بەدەنگە خۆشەكەی ئه‌وه‌نده‌ بەهەست و سۆزەوە گۆرانیەكە ده‌خوێنێ كەریم كابان زۆری پێ‌ خۆش دەبێت كە قادری برای ئەوەندەبەسەركەوتوویی ئاوازەكه‌ی چڕی، دوای تەوابوونی ئاهەنگەكە بەقادری برای دەڵێت لە ئێستاوە ئەو گۆرانیە بۆتۆ و تۆ خاوەنیت ، لەدرزی پەچەوە   لەنێو خەڵكیدا بە گۆرانی ( جادەچۆڵ و سێبەربوو ) زیاتر نێوبانگی دەركرد.

 هونەرمەند كەریم كابان درێژەبەژیانی تایبەتی خۆی دەدات و لەشاری سلێمانی سەرقاڵی كاری ( پۆلیسی ) دەبێت، بەڵام هونەرەكەشی فەرامۆش ناكات و سەرقاڵی ئاوازدانان دەبێت ، ئاواز لەسەر دووهۆنراوەی تر دادەنێت  بەناوی ( یاران وەسیەتم  و شەو ) ئەو دووئاوازە بۆماوەیەكی زۆر لەناخ و هەستی كەریم كاباندا دەمێننەوە و دەرفەت نابێ‌ تۆماریان بكات، 

ساڵی (1974) بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش  لەباشووری كوردستان ، كەریم كابان وەك  كوردێك و هونەرمەندێك پەیوەندی دەكات بەشۆڕشی ئەیلولەوە ، بەڵام لەناو شۆڕش و خەباتی چەكدارانەی پێشمەرگەكانی كوردستان ، پێشینەی كارەكەی كە ئەفسەری ( مخابرە ) بووە، پێویستی زۆریان به‌پسپۆرییه‌كه‌ی ده‌بێت  هونەرمەند دەنێرن بۆ ( ئەمانەی عامەی ڕۆشنبیری و لاوان و ڕاگەیاندن )   لەوێ‌ ئیستگەیەكی لاسلكی لێدەبێت و كاری ئەم بەشە وەرگرتنی هەواڵ و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە یه‌ ، هونەرمەند لەو شوێنە دەست بەكاردەبێت ،

كاتێك  شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرسایەوە لەساڵی ( 1974) كە خەڵكی كوردستان بەگشتی پشتیوان و هاوسۆزی ئەو خەباتە ڕەوایەبوون ، هونەریش بەگشتی بەشێكی گرینگی سەركەوتنی ئەو شۆڕشە بوو ، تیپە مۆسیقیه‌كانی كوردستان( تیپی مۆسیقای سلێمانی ، باواجی  و هەولێر و چەند هونەرمەندێكی شاری كەركوك و دهۆك )  لەناو شۆڕشدا تیپێكی نوێ داده‌مه‌زرێنن بەناوی (تیپی مۆسیقای شۆڕش ) ئەو هونەرمەندانەش درێژەیان بەهونەری بەرگری و  خەبات دا هاوشانی  برا پێشمەرگەكانیان. 

وادەی نزیكبوونەوەی یادی شۆڕشی ئەیلول دەبێت ، ڕۆژێك  بەڕێز ( د ، كەمال مەزهەر (1937_ 16/3/2021)  چاوی بەكەریم كابان دەكەوێت و  پێی دەڵێت بەڕێزتان هونەرمەندن و دەنگتان خۆشە و پێم باشە بۆ یادی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلول ، واتە ( 11/9/1974)  چەند گۆرانیه‌ك تۆماربكەیت و لەڕێگەی ئیستگەی دەنگی كوردستانی ئێراقەوە  بڵاوبكرێتەوە ، كەریم كابان لەوەڵامدا دەڵێت منیش زۆرم پێ‌ خۆشە و دووئاوازیشم ئامادەیە ، د، كەمال مەزهەر دەڵێت زۆرباشە  بۆتۆماركردنی بەرهەمەكانت و بۆ زانیاریت برادەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە دێی ( وەسان) ن  لە ناوچەی ( باڵەییان )  ناوی تیپەكەیان ناوە( تیپی مۆسیقای شۆڕش )  پێم باشە بچیت بۆ ئەوێ‌ و برادەران ببینیت و گۆرانیەكان تۆماربكەن ، دوای چەند ڕۆژێك هونەرمەند كەریم كابان بەرەو دێی ( وەسان ) بەڕێ‌ دەكەوێت  بۆ مەبەستی دووئامانج ، یەكەمیان بۆ دیداری هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی و دووەمیان بۆ تۆماركردنی بەرهەمەكانی، لەدێی وەسان بەدیداری  ئەندامانی  تیپی مۆسیقای شۆڕش  شاد دەبێت  ئەم هونەرمەندانە دەبینێت لەسەرەتادا وەك ( ئەلبێرت عیسی ، ئەنوەر قەرەداخی ، وریا ئەحمەد ، فەرید عیسی ، دلێر ئیبراهیم ، سەلاح ڕەووف ، ئاراس ئیبراهیم ، حەمەی شمشاڵ ،  سەردار ئەحمەد ، خالید سەركار ، عومەر سەركار و ئیبراهیم سابیر  ... تاد )  دوای دوو ڕۆژ  پشوودان، هونەرمەندانی

تیپی مۆسیقای شۆڕش لەژێر سێبەری دارگوێزەكانی دێی وەسان  پێشەكی ئەو  دوو گۆرانیە بەنۆتە دەنوسنەوە، دوای  پرۆڤە كردن  بەیەك ڕۆژ هەردوو گۆرانیەكە بۆ هونەرمەند كەریم كابان تۆماردەكەن، جێگەی پرسیارو سەرنجە كە هونەرمەندانی كورد بەچ بەدبەختی و نەبوونی پێداویستی هونەری و تۆماركردن  لە بن بەرد و كەژ و كێو ئەشكەوتی كوردستان  هونەرەكەیان فەرامۆش نەكردووە  و هەمیشە لەخەمی دابوون كە هونەری نەتەوەكەیان پێش بكەوێت ، بەڕاستی هونەرمەندانی گەلەكەمان بەتایبەت ئەو هونەرمەندانەی كە بەردەوام هەستی نەتەوەیی و بەرەو پێشچوونی هونەری كوردیان لامەبەستە جێگەی ڕێزو حورمەت و بەرز نرخاندنی كارەجوانەكانیان بۆ هه‌میشه‌  ڕێز له‌و مێژووه‌ به‌رزو به‌نرخه‌یان بگرین.

لێره‌دا پێویستە ئەرك و ماندووبوونی بەڕێزێك فەرامۆش نەكەین كەلەو سەردەمەدا خزمەتێكی باشی كردووە ئەویش ( جیهانبەخش كۆیی )  ئەو بەڕێزە بەئامێرێكی تۆماركەری سادە ئەو دووگۆرانیە (  شەو  و یاران وەسیەتم )  كە هەردوكیان  لەئاوازی هونەرمەند كەریم كابان تۆمار دەكات،

دوای تۆماركردن گۆرانیەكان ڕەوانەی ئیستگەی دەنگی كوردستانی ئێراقی دەكەن و شەوی  (11/9/1974)

بەبۆنەی یادی شۆڕشی ئەیلول  بڵاودەكرێنەوە ، دوای چەند ڕۆژێك لەبڵاوكردنەوەی ئەو گۆرانیانە لەسەرتاپای شوێنە گشتیەكان و نێو خه‌ڵكدا  ئەو گۆرانیانە دەبیستران و ببوونە جێگەی ڕەزامەندی  و وێردی سەرزاری خەڵكی ، دوای هەرەس هێنانی  شۆڕشی ئەیلول، هونه‌رمه‌ند كەریم كابان وەك هەر هاوڵاتیەكی كورد ڕووبەرووی باردوخێكی ناهەمواری دەروونی دەبێتەوە  و لەداوی ئەو شكستە گەورەیە ناچاردەبێت بگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ڕژێمی به‌عس ، هونه‌رمه‌ند وه‌ك سه‌دان هاوڵاتی دیكه‌ی كورد ، بۆشاری نه‌جه‌ف دوورده‌خرێته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان و تیپی مۆسیقای سلێمانی..!

 هونەرمەند كەریم كابان لە ڕێكه‌وتی ( 1/8/1975)   له‌ڕێگه‌ی نوسراوێكه‌وه‌  ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كات، له‌ونوسراوه‌دا هاتووه‌ ( من كه‌ریم جه‌لال كابانم خۆم به‌به‌ختیار ئه‌زانم كه‌بێمه‌ ڕیزی تیپه‌كه‌تانه‌وه‌ بۆ ئیشكردن له‌گه‌ڵتان بۆخزمه‌تی هونه‌ری كوردی ، بۆیه‌ داوا له‌به‌ڕێزتان  ئه‌كه‌م  كه‌وه‌رم بگرن به‌ئه‌ندام ، ئیتر سوپاس) (5)

 یەكێك لەشانازییەكانی  هونه‌رمه‌ند كەریم كابان له‌ژیانیدا ئەوەیە كەئەندامی تیپی موزیكای سلێمانی یە و ،  هۆكارێك بۆ سەركەوتنی كارە هونەرییەكانی هونەرمەند  تیپی مۆسیقای سلێمانییە كە هەمیشە پشتیوان و هاوكاری بەئەنجام گەیاندنی بەرهەمە هونەریەكانی هونەرمەند بوون ، دەكرێت ئەوە ش بڵێم  مایەی گەورەیی و سەروەرییە كە تیپێكی وەك تیپی موزیكای سلێمانی  كەریم كابان وەك هونەرمەندێك كاری هونەری لەگەڵدا ئەنجامداون و هەمیشە بە شانازییەوە ناویان دەبات ،  هەروەها هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانیەكانیەتی و كەتا ئەمڕو لای گوێگری كورد بەزیندوویی ماونەتەوە چونكە  دەنگی ئەو هونەرمەندە  دەنگێكی كوردی و پڕ چێژی مۆسیقایه‌  كە هەرگیز بیسەر بێزارناكات .

تیپی مۆسیقای سلێمانی لەدوای ساڵی ( 1975) ه‌وه‌ بەوپەڕی دڵسۆزیی و له‌خۆبوردویی  و هەستی نیشتمانپه‌روه‌ری‌ و به‌مه‌به‌ستی بەرپەرچدانەوەی ڕژێم و سه‌رله‌نوێ بوژاندنه‌وه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی دوای ئەو شكستە گەورەیەی شۆڕشی ئەیلول ، كەوتنە كاركردن و چالاكی و كۆمەڵێك شاكاری ناوازه‌یان ئەنجامدا ، ئەو دوو گۆرانیەی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان (یاران وەسیەتم) ،( شەو)  پێشتر ئاماژەمان پێدا، جارێكی تر بەشێوازو تەكنیكێكی تر  و دابەشكردنێكی مۆسیقای نوێ‌ وە  كەریم كابان بەهاوكاری تیپی مۆسیقای سلێمانی ئەو دوو بەرهەمە لەتەلەفیزیۆنی كەركوك بەشێوەی ڕەش و سپی تۆمارو بڵاو دەكاتەوە.

ئەو بەرهەمانەی هونەرمەند لەماوەی ژیانی هونەرییدا ئاوازی بۆ داناون و تۆماری كردوون و  ئه‌مڕۆ بوونەتە ئەرشیفێكی به‌نرخی مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی كوردی،

1/ ئاوازه‌كانی  هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیران:

( خۆزگه‌م به‌پار و ئاواتی دووری و درزی په‌چه‌، له‌ هۆنراوه‌ی گۆران)  ،(  له‌ڕێی دڵداریدا) ، ( خه‌نه‌به‌ندان " هۆنراوه‌ی بێسارانی)  ،( نازانم چۆن خۆشم ویستی ، هۆنراوه‌ی  فه‌ره‌یدون عه‌بدول به‌رزنجی ) ، ( یاران وه‌سیه‌تم ، هۆنراوه‌ی وه‌لی دێوانه‌) ،( شه‌و، هۆنراوه‌ی شێخ نوری شێخ ساڵح ، ته‌خمیسی : ئه‌حمه‌د هه‌ردی) ،( دڵێ گیرۆده‌ی ، هۆنراوه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د شێخ غه‌نی ، ناسراو به‌ ( فه‌وزی) "   (ڤینۆس، هۆنراوه‌ی  كامه‌ران موكری) ، (دۆستی دێرین، هۆنراوه‌ی ڕه‌زا حه‌مه ، هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی خوێندوویه‌تی‌) ، (بیرت ده‌كه‌م) ، ئه‌م سێ ئاوازه‌ ( درزی په‌چه‌، دۆستی دێرین، بیرت ده‌كه‌م) به‌ده‌نگی خۆی نه‌یخوێندووه‌ ، به‌ڵكو داویه‌تی به‌هونه‌رمه‌ندان خوێندوویانه‌.

2/ ئاوازی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابانه‌وه‌ خوێندراوون:

گۆرانی( خاتووزین ، هۆنراوه‌ی  فه‌ره‌یدون عه‌بدول به‌رزنجی ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ڕه‌ووف) و( ته‌مه‌ن ، هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند زانا مه‌حمود هه‌ژار)

 هەروەها لەبواری فۆلكلۆریشدا ئەم گۆرانیانەی خوێندووە به‌شێوازی خۆی وه‌ك:

1/  به‌ری به‌یانه‌  ، هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری شاری سلێمانی ، له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خوێندوویه‌تی.

2/ گوڵاڵه‌ سووره‌، له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خوێندوویه‌تی.

3/ له‌مابه‌ینی گوڵ و گوڵزار ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

4/ مێوڵێو دێلێژه‌، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

5/ یارجوانه‌ ، هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر ، ئاوازی ئیبراهیم حه‌زین.

6/  ئه‌مبه‌ره‌و به‌ره‌،، ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

7/ باوانم ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

8/  من دوور و تۆ دوور ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر، ئاماده‌كردنی ئاواز : دلێر ئیبراهیم ، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له‌گه‌ڵ خاتوو ( چیمه‌ن حه‌سه‌ن) خوێندوویه‌تی.

9/ ئه‌رێ هۆكاڵێ ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

10/ هه‌ی یار ، ئاوازو هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر.

هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان  ئاوازی لەسەر هۆنراوەیەكی

( شێخ حەسیب قەرەداخی )  داناوە و داویه‌تی به‌ (كامەران عومەر ).

لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان وه‌ك به‌سته‌ بێژ و گۆرانیبێژێكی به‌توانا و خاوه‌ن شێوازێكی تایبه‌ت له‌گۆرانی چڕیندا ناسراوه‌ ، هیچ كات خۆی له‌قه‌ره‌ی سروودخوێندن  نه‌داوه‌ ، چونكه‌ خودی هونه‌رمه‌ند دركی به‌و ڕاستییه‌ كردووه‌  كه‌ ده‌نگی ئه‌و بۆ سروود خوێندن نه‌گونجاوه‌  ( ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ حه‌ز ده‌كه‌م بیڵێم ، نامه‌وێ غه‌در له‌هونه‌ربكه‌م ، ده‌نگی من ده‌نگی سروود نییه‌..! ده‌نگی سروود ده‌بێت به‌هێز و كاریگه‌ربێت، كه‌ من ئه‌و ده‌نگه‌م نه‌بێت ، نه‌مویستووه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ به‌رزه‌ بشێوێنم ، ده‌نگی من ده‌نگێكی عاتیفیه‌ ، من هه‌میشه‌ به‌ڕۆح  له‌گه‌ڵ سروود و شۆرشه‌كاندا ژیاوم ، به‌ڵام چیبكه‌م نه‌متوانیوه‌ سروود بڵێم) (6)

له‌باری چڕینی مه‌قامه‌وه‌  هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وام مه‌قامی نه‌چڕیوه‌ ، مه‌گه‌ر ته‌نها بۆخۆشیی خۆی خوێندبێتی ،  له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاكان چه‌ند مه‌قام و به‌سته‌یه‌ك به‌ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان بڵاوبۆوه‌ ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند زیاتر به‌وگۆرانییه‌ سۆزدارییانه‌ ناسراوه‌ ، ئه‌و كاسێته‌ به‌وشێوه‌یه‌ له‌نێو خه‌ڵكیدا نه‌ناسرا..!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( عادل محه‌مه‌د كه‌ریم) له‌كتێبه‌كه‌یدا( ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌ریم كابان) دوای به‌دواداچوون و دیدار و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند مه‌قامه‌  به‌وشێوه‌یه‌ نوسیویه‌تی ( هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له‌ساڵی 1982 له‌ستۆدیۆی زانكۆی سلێمانی به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( سۆرانی سه‌ڵته‌ ، كه‌مانچه‌ ژه‌ن) و( توانا سڵیمان مه‌جیدبه‌گ، گیتارژه‌ن) كاسێتێك  كه‌ته‌نها شه‌ش تراكه‌ تۆمارده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ خودی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و كاسێته‌ زۆر دڵگرا بووه‌ ، چونكه‌ ده‌ڵێت من ته‌نها بۆخۆشی وتوومه‌ ، نه‌ك به‌مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كان بریتی بوون له‌:

(  ئه‌گه‌رچی شه‌و  _ مه‌قامی هیجران ، هۆنراوه‌ی  هێمن ) ، ( من و بادی سه‌حه‌ر _ مه‌قامی هۆمایۆن ، هۆنراوه‌ی  سالم ) ،( له‌زۆركه‌س وایه‌ كه‌من پیربووم _ مه‌قامی عه‌جه‌م ، هۆنراوه‌ی جه‌مال شارباژێڕی) ، ( دڵم  هه‌رئه‌ودڵه‌ی جارانه‌ _ مه‌قامی نه‌هاوه‌ند )  و به‌سته‌ی ( ئه‌رێ هۆكاڵێ)  (7) 

له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی دیار و به‌توانای گه‌له‌كه‌مان به‌شداری له‌بۆنه‌ نیشتمانی ونه‌ته‌وایه‌تی و به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان دا كردووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ندامێكی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداربووه‌  له‌هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی ناوبراو ،

هونه‌رمه‌ند  كه‌ریم كابان له‌میهره‌جانی فۆلكلۆریی تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌ساڵی (1994) به‌گۆرانی ( ئه‌رێ مێوڵێو دێلێژه‌ ) به‌شداری كردووه‌،

له‌ساڵی (1998) ئه‌و شاكاره‌ مه‌زنه‌ی ( ته‌مه‌ن)  له‌هۆنراوه‌ی  شاعیر ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د)  ، ئاوازی  هونه‌رمه‌ند ( زانامه‌حمود هه‌ژار) تۆمارده‌كات ،     

گۆرانی (  تەمەن  ) یەكێكە لەشاكارە دیارەكانی كەریم كابان  ، گۆرانیەكی پڕ چێژ و هەستە  كە كەریم كابان دوای بەسەر بردنی تەمەنێكی پڕ لە هەوراز و نشێو و چه‌شتنی تأڵ و سوێرییه‌كانی ژیان ئه‌و گۆرانییه‌ی خوێندووه‌.

 خوێندنەوەی بەندە بۆ هۆنراوەی تەمەنی شاعیر ( ئەحمەد محەمەد )  ئەوەیە كە شاعیر لە و هۆنراوەیەدا بۆتە پەیكەرتاشێكی شارەزا و بەئەزموون بەهەست و ئیحساسێكی ناسك و جوانەوە  لە وشە پۆرترێتێكی بۆ  هونەرمەند كەریم كابان دروست كردووە ، هەرچەندە ئەو هۆنراوەیە ئەحمەد محەمەد بۆ كەریم كابانی نەنوسیوە و بگرە زۆر پێش لەدایكبوونی ئەو ئاوازە ئەو هۆنراوەیە نوسراوە،

ئەحمەد محەمەدی شاعیر سەبارەت  بە شیعری تەمەن دەڵێت ( یەكێكە لەو شیعرانە كە هەمیشە شانازی پێوە دەكەم ،  بەڵام ئەو شیعرە تایبەت نەبووە  بە مامۆستا كەریم كابان ،  ئەو شیعرەم  لەسەرەتای تەمەنی لاوێتیدا نوسیوە ، سوپاس بۆ هونەرمەند كەریم كابان حەقی تەواوی بەو شیعرە داوە  و ، بۆیه‌ زۆر به‌ساده‌یی و سانایی ده‌ڵێم : ته‌مه‌ن قوفڵی گۆرانییه‌كانی مامۆستا كه‌ریم كابانه‌ له‌ڕووی ئاواز و موزیك وتن و شیعره‌وه‌) .

( 8)

هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له‌ساڵی (1999) گۆرانییه‌كی فۆلكلۆر به‌ناوی ( هه‌ی یار عه‌زیزم ) له‌ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند ( سامان ساڵح ئه‌لیاس )  بۆته‌له‌فزیۆن تۆمارده‌كات،  تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ( چه‌شنواری دووه‌می موزیكی كوردی  ) له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌به‌شداری ئه‌و چه‌شنواره‌ی كردووه‌ به‌ خوێندنی ئه‌و گۆرانیانه‌ ( شه‌و ، خه‌نه‌به‌ندان ، درزی په‌چه‌ ، ته‌مه‌ن و هه‌ی یار عه‌زیزم) دڵی ئاماده‌بووانی سه‌رمه‌ست و خۆشحاڵكردووه‌، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ر و دانیشتوانی شاری سنه‌وه‌ ڕێزێكی بێ ئه‌ندازه‌ له‌هونه‌رمه‌ند گیراوه‌ ،

دواین كاری هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌ی شاعیر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د بووه‌ ئاوازی له‌سه‌ر داناوه‌  به‌ناوی ( خه‌زان) .

( تۆكچێكی به‌هاریی بووی ، منیش كوڕی گه‌ڵا ڕێزان

خۆده‌تزانی كه‌ گوڵ نابێت به‌هاوده‌می وه‌رزی خه‌زان

ئه‌ی بۆ هاتیت ، وه‌كو خۆری چاوبه‌نازی لای ئێواره‌

كه‌ده‌تزانی له‌سه‌ركۆچی  و ئۆقره‌ ناگری له‌م هه‌واره‌)

 به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رهۆكاری هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و ناجێگیری باری ته‌ندروستی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان نه‌توانرا ئه‌م شاكاره‌ش بخوێنێ و ئه‌م خه‌زانه‌ش وه‌ك گۆرانی ته‌مه‌ن و شاكاره‌كانی دیكه‌ی بچێته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری ئه‌م كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌،

به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌  هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان خاوه‌ن ئه‌و هونه‌ره‌ به‌رزو ده‌نگ و چریكه‌ و ئاوازه‌ ڕۆمانسییه‌ ، له‌ڕێكه‌وتی  (14/1/2016) له‌ته‌مه‌نی  (89) ساڵیدا ، دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان ده‌كه‌وێت و ماڵئاوایی له‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی و  هونه‌ری مۆسیقاو ئاوازی كوردی كرد، ته‌رمی پیرۆزی به‌ره‌و گردی (شێخ قادری سه‌رنه‌گیراو) به‌ڕێ كراو ،بووه‌ میوانی هه‌میشه‌یی خاكی پیرۆزو شیرینی كوردستان.هه‌زاران دروود و سڵاو بۆگیانی پاكی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان و گشت ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ ته‌واوی ژیانی خۆیان ته‌رخان كرد بۆ خزمه‌ت و به‌رزڕاگرتن و به‌ره‌وپێش بردنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی.

جه‌مای ده‌لاك  31/12/2021 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌ :

 ( 1 و 5 و 6 و 7) كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌ریم كابان  ، نوسین و ئاماده‌كردنی  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عادل حه‌مه‌ كه‌ریم) لاپه‌ڕه‌ (25) ، لاپه‌ڕه‌ ( 37) ، لاپه‌ڕه‌ ( 67)، لاپه‌ڕه‌ ( 69)

(2) كه‌ریم كابان ، پیری ئاوازو گۆرانی كوردی ، شاخه‌وان عه‌لی  ، سایتی شار پرێس .

كتێبی  مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939_1958) به‌رگی یێكه‌م /جزمی یێكه‌م ، نوسینی كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د  2014

بەرنامەی چراكان _ لەئامادەو پێشكەشكردنی بەڕێز ( ئەمیر عومەر ) ، كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس (2006)

(8) گۆڤاری ئاوێنەكان  ، ژمارە ( 22) لە ( 15/3/2009) لاپەڕە  ( 10)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.