Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 12:21

لە 5ی ئەیلوولدا سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا دیاری دەكرێت

کوردستان TV
100%

دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، لە 5ی ئەیلوولدا سەرۆكی نوێی پارتەكە و سەرۆكوەزیرانی نوێی وڵاتەكە دیاری دەكرێت.
پەرلەمانتار سیر گراهام برادی، سەرۆكی كۆمیتەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا، لە پاش دەستلەكاركێشانەوەی جۆنسۆن وادە و یاساكانی سەبارەت بە پرۆسەی سەرۆكی نوێ راگەیاند.
برادی باسی لەوە كرد كە ناونووسینی پاڵێوراوەكان بۆ كێبڕكێی سەرۆكایەتی سبەی دەست پێ دەكات و هەمان رۆژ كۆتایی پێ دێت و، رۆژی چوارشەممە یەكەم خولی دەنگدان لە ناو پارتەكەدا ئەنجام دەدرێت و رۆژی پێنج شەممە دووەم خولی دەنگدان.
هەروەها برادی باسی لەوە كرد كە هەر پاڵێوراوێك بۆ ئەوەی بەشداری لە یەكەم خولی دەنگدانەكەدا بكات پێویستە لانی كەم دەنگی 20 پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت و، لە خولی دووەمیشدا دەنگی لانی كەم 30 پەرلەمانتار مسۆگەر بكات.
گوتیشی: تا مانەوەی دوو پاڵێوراو لە ناو پارتەكەدا پرۆسەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت و بە خێرایی ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت. دەكرێت تا 18ی تەمووز ئەوە بكرێت. هیوادارم تا دەكرێت بەخێرایی بە ئەنجامی بگەیەنین. ئەم هەفتەیە یەكەم دوو دەنگدان ئەنجام دەدەین''.
گراهام برادی ئاماژەی بەوەیش كرد كە پێویستە ئەنجامی كێبڕكێی سەرۆكایەتی پارتەكە لە 5ی ئەیلوولدا بە ئەنجام بگات.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لیز تروس بەشداری كردنی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی پارتەكەدا راگەیاند، تا ئێستا 11 كاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پارتەكە و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پاڵاوتووە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.