به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ئاشكرای كرد، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆی له به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ له‌وانه‌ش ته‌وقه‌كردن ده‌پارێزێ به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
جیك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا له فڕۆكه‌خانه بۆ میدیاكان گوتی: ئێمه ئێستا له قۆناغی دووباره ته‌شه‌نه‌كردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆناین، بۆیه جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئیسڕائیل و سعوودییه خۆی له به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆكی وڵاتان ده‌پارێزێ.
گوتیشی: سه‌رۆك له سه‌رجه‌م سه‌ردان و چاوپێكه‌وتنه‌كاندا به ماسك و جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه‌ش بۆ ڕێگریكردنه له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
له‌لایه‌كی تره‌وه كارین جان پیێر گوته‌بێژی كۆشكی سپی پێشتر ڕایگه‌یاندبوو: هه‌وڵ ده‌ده‌ین تا بكرێت به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر له گه‌شته‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌مبكه‌ینه‌وه.
جێی باسه بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌م جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به سه‌ردانێكی فه‌رمی بۆ ئیسڕائیل گه‌شته‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ بكات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته كۆببێته‌وه، دواتریش دیدارێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ڵه‌ستین ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ها ڕۆژی هه‌ینی داهاتووش سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی سعوودییه ده‌كات و به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات به به‌شداریی سه‌رۆكی وڵاتانی سعوودییه و عێراق و میسڕ و ئوردن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.