Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 15:36

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەت له‌ یادی 3 ساڵه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا

کوردستان TV
100%

 سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 3 ساڵ به‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له گوتاره‌كه‌دا باسی له‌و كارانه‌ كرد كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌ت له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجامیداوه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌و پلان و به‌رنامانه‌ش كرد كه‌ به‌نیازن له‌ داهاتوودا ئه‌نجامی بده‌ن.

ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

کوردستانییانی بەڕێز

ئەم کاتەتان باش

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستمزانی ئەم وتەیەتان پێشکەش بکەم و باس لەوە بکەم کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چیمان کردووە و دەسکەوتەکانی ئەم کابینەیە چی بوون. هەروەها باس لە پلان و بەرنامەی داهاتوومان دەکەین .

لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە هەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. لە هەمانکاتدا بەداخەوە، حکوومەتی فیدراڵیش جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە کە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکوومەتەکەتان درا. بەڵام حكوومەتی هەرێمی کوردستان، توانی لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانییەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

چیمان کرد:

. لە بواری دارایی: توانيمان مووچە بە بەردەوامی بدەین، ئەگەرچی هەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم، ڕێژەی مووچەکە سەد لە سەد نەبوو، بەڵام مووچە دابەشکردن هەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.

. لەم کابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین. بۆیە نەک تەنیا هیچ قەرزێکمان نەکرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکرد، بەڵکو قەرزەکانی حکوومەتیشمان کەم کردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.

. لە ئەنجامی چاکسازی لە هەردوو بواری دارایی و کارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو و تا ئاستی %100 زیادی کردووە.

. لە ڕووی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کردووە :

. زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی 2014 لە بواری جادەو ڕێگەوبان بووە.

. هەروەها لەم کابینەیەدا بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی زۆر زیادی کردووە و بە کردەوە هەلی هەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی رەخساندووە و دەستی پێ کردووە .

. هەروەها پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ئەنجامدراون و هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکیشیان ئێستا لە جیبەجێکردندان.

. کار بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند کراوە.

. لە کەرتی کارەباشدا، ژێرخانی کارەبا بە هێزتر کراوە تا ڕێگە لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

. لە بواری گواستنەوەی گشتی، هەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و دروستکردنی هێلی ئاسنین.

. لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە ئاستی هەموو وەزارەتەکان کراوە. لەم ڕووەوە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بەئەلیکترۆنی کراون و هەنگاوی کردەیی، بۆ دروستکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی نراون. داتا سەنتەرێکی ناوەندیمان بۆ حکوومەت دامەزراندووە. هەروەها سیستەمێکی دیجیتاڵیمان بۆ ئامار و سەرژمێرکردنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

. کارمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکوومەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و وگواستنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان بۆ ئاستی قەزاکان.

. هەنگاومان ناوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

. لەم کابینەیەدا، هەماهەنگییەکی تۆکمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی کابینە و ئەنجوومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین کۆبوونەوەی حەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت .

. هەروەها پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکوومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حکوومەت زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران .

. لە بواری گرنگیدان بە خوێندن وپەروەردە، جگە لە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەندین قوتابخانە وپەرەپێدان بە خوێندنی ئانلاین و فراوانکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی و خوێندن لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە، بۆ باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)مان دامەزراندووە .

. لە بواری هۆشیاری کۆمەڵایەتی:

. زۆرترین زانیاری و ڕوونکردنەوەمان لەبارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی حکوومەت بڵاوکردووەتەوە. هەروەها کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی مەودای ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و زەمینەسازکردن بۆ دروستبوونی ڕاگەیاندنێکی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستان.

. بەردەوام بووین لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

. هەوڵی بەردەواممان داوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزی و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت.

. گرنگيمان داوە بە بواری ژینگەپارێزی و بەکارهێنانی وزەی سەوز و ژینگەدۆست.

*لە بواری بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی: یەکەمجارە لەم کابینەیەدا چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری کردەییەوە.

. بەردەوام بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆریستی و دەستگیرکردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و گرنگیدان و پشتیوانیکردنی ڕۆڵی دادگاکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.

. سەردانی مەیدانیمان کردووە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزگردنی هێڵەکانی بەرگری لەبەرامبەر تیرۆریستان .

. هەر لەم ڕۆژانەش هەڵمەتی ڕاماڵینی چەکی بێ مۆڵەت دەستی پێ کردووە

. لە بواری پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی: لە چوارچێوەی سیاسەتمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانمان، زیاترین هەوڵمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوە و بەردەوامیش شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەرێک لەسەر بنەمای دەستوور سەردانی بەغدای کردووە و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.

. لە بواری دیپلۆماسی وپەیوەندیی نێودەوڵەتیدا: کارمان بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە کردووە و لە سەردانەکانمان بۆ وڵاتانی هەرێمی و عەرەبی و ئەوروپایی و لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان ڕوون کردووەتەوە و پەیوەندییەکانمان پتەوتر کردووە.

پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی داهاتوو ئەمانەن ؟

. بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەمەجۆرکردنی ئابووری وسەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ .

. زیادکردنی بەنداوەکان و بەردەوامیدان بە کارکردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.

. دامەزراندنی سیستەمێکی ژینگەدۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاشاک و زبڵ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان .

. زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر و گازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی کە نرخی بەرهەمێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە.

. بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتیکردنی گەنجانی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووک بە مەبەستی دروستکردنی هەلی کاری زیاتر.

. بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی بۆ بەهێزکردنی ئاڵۆگۆڕکردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.

. فراوانکردنی خزمەتگوزاری ناو شارەکان و زیادکردنی ڕووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان لە شارەکان.

. پەرەپێدان و زیاترکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتەکان.

. باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان و شارۆچکەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەوێ ڕوو لە شارە گەورەکان نەکەن.

. بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە و پێگەیەکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.

ئەمانە ئاماژەدانێکی خێرا و کورتەیەکی چەند تەوەرێکی گرنگی دەسکەوتەکان بوون، کە وەزیرە بەڕێزەکان وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.

کوردستانییانی خۆشەویست:

ئێوەی هاووڵاتییانی کوردستان سەنتەری گرنگیپێدانی ئەم کابینەیەن و دڵنیابن هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتتان بکەین و لە ئاست خواست و داخوازییەکانی ئێوەدا بین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.