Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 09:24

قوباد تاڵەبانی: حکوومەتی هەرێم لەسەر چاکسازییەکانی بەردەوام دەبێت

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر چاكسازییه‌كانی به‌دره‌وام ده‌بێت تاوه‌كو خزمەتێکی باشتر بگەیەنێت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا، ئێمە کە بەرەو حکوومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین، ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەین، باشتر و خێراتر و شەفافتر دەبن.  

ڕاشیگه‌یاند: ئەم خزمەتگوزارییانە کە لە لە پۆرتاڵی خزمەت کۆکراونەتەوە، هەموو یەکسانکراون، تاکو خزمەتێک لە دهۆک بە هەمانشێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم، دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە لەپێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی. بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت. لەبەر ئەوە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە، هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە تەرخان دەکەین.

 ده‌قی گوتاره‌كه‌ی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-

بنەمای کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردن و چاکسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەکەم، دەستمان بۆ چەند مەلەفێک بردووە کە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیەنێت.

بەردەوام بووین لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری کە لەم کابینەیەدا بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەست پێ کرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە ڕێکخستنەوەی میلاکاتی هەموو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەر مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان ژمارەی کەسی بێهاوتامان پێشکەش کرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێک بۆ حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی، کە سبەینێ هەر مووچەخۆرێک بتوانێت لە ڕێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات.

ئێمە کە بەرەو حکوومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین، ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەین، باشتر و خێراتر و شەفافتر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێکهاتووە لە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکوومەت پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، کە تاکو ئێستا زیاتر لە 490 خزمەتگوزاریی تاک و تایبەت لەنێوان حکوومەت و هاووڵاتیدا هەیە. داوامان لە هەموو وەزارەتەکان کردووە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن، تاکو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بە هاووڵاتییان بگەیەنرێت. ئەم خزمەتگوزارییانە کە لە لە پۆرتاڵی خزمەت کۆکراونەتەوە، هەموو یەکسان کراون، تاکو خزمەتێک لە دهۆک بە هەمانشێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت. ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە ئینتەرنێتدا، لەژێر ناونیشانی خۆیدا بەردەستە. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی و گەیاندنی هەندێک خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە، کە ڕۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافییەت زیاد دەکات.

هەر لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خزمەت، پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریمان بە شێوازی تۆماری کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا کردووە. پێشتر پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەستی هەبووە کە ئێستا بە دیجیتاڵکردنی ئەم پڕۆسەیە توانیومانە تۆماری کۆمپانیا بە خێرایی بگەیەنرێت، ئەمەش نەک تەنیا ڕۆتین کەم دەکاتەوە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

ئەمانە بەشێكن لەوچاکسازییانە، بەڵام کۆتاییان نایەت. بەهاوکاریی چەند وەزارەتێکی دیکە چاکسازیی تریشمان ئەنجامداوە، کە خزمەتێکی باشتر دەگەیەنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

هەموومان دەزانین کە ناهاوسەنگییەک هەیە لەنێوان ئەو ئیمتیازانەدا کە لە کەرتی حکوومەت و کەرتی تایبەتدا هەن، بۆیە بە پەسەندکردنی یاسای کار، ئێمە بەشێک لەو ناهاوسەنگییەمان ڕێکخستووەتەوە. ئەمڕۆ لەژێر چەتری یاسای کاری نوێی هەرێمی کوردستان، ئیمتیازێکی زیاتر دەدرێت بەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە هەمان کاتیشدا مافیان پارێزراوە.

لە پاڵ یاسای کار، ئیشمان بۆ پەسەندکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کردووە. ئەمەش لە هەمان کاتدا پاراستنێک دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و بۆ ئەو کەسانەشی کە لە خوار ڕێژەی هەژاریدان.

بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان بینیومانە ڕێژەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیادیان کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری بە ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان داوە.

هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند کردووە. گرنگییەکی زیاتر و هێزێکی زیاترمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ژنان داوە. پشتیوانیی زیاتری هێزە ئەمنییەکان و دادگاکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان کردووە. ئێمە ڕاستە حکوومەتێکی تۆکمەمان پێویستە، حکوومەتێکمان پێویستە کە ڕێنماییەکانی ئاسان بن و جێبەجێبکرێن و کارا بین و کاریگەر بین، بەڵام ئێمە هەموومان دەمانەوێت لە کوردستانێکدا بژین کە شانازی پێوە بکەین. بۆیە پاراستنی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەوییەتەکان و هەموومان کاری لەپێناودا دەکەین.

بۆیە دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم، دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی. بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت. لەبەر ئەوە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە، هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە تەرخان دەکەین، کە بتوانین پێکەوە باشتر خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و حکوومەتەکەمان کاراتر و باشتر بکەین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.