Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 07:37

وەزیری داد: لە ڕێگەى چاکسازییەوە زیاتر لە 58 ملیار دینار بۆ خەزێنەى حکوومەت گەڕێنراوەتەوە

کوردستان TV
100%

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی داد دەستی بە چاکسازییەکانی لە وەزارەت کرد و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەشدا چەندین هەنگاوی گرنگی لەو بوارەدا نراون.

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەم، ڕایگەیاند: وەزارەتى داد کە لە 225 فەرمانگە و 4 هەزار و 404 فەرمانبەر پێکدێت، لە ساڵی 2021 لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە ڕێگەى چاکسازى و ڕێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە 58 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکوومەت.

وەزیری داد ئاماژەش بەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا وەزارەتەکەیان توانیویەتی، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە ساڵی 2020 دامەزراندووە و گۆڤاری گرێبەستی كۆمەڵایەتی بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەرکردووە، ئەمە سەرەڕاى چاپکردنى پێنج کتێب و ئەنجامدانى چەندین وۆرکشۆپى تایبەت بە یاساى بازرگانى و ئەنجامدانى دوو کۆنگرەی زانستی بە شێوەى ئۆنلاین و هەروەها ٤٥ ژمارەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان دەرکردووە.

سەبارەت بە ئەنجوومەنی شوورایش فەرسەد ئەحمەد ڕایگەیاند: لە ئەنجوومەنی شورا چەندین چالاکی یاسایی ئەنجامدراوە، لەوانە 61 پڕۆژە یاسا و 69 ڕادەربڕین و 25 پەیڕەو و 44 ڕێنمایی دەرکردووە و کار لەسەر زیاتر لە هەزار و 700 داواى کارگێڕی و دەستەی ئینزباتیی فەرمانبەران کراوە و لە دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیش کە پێشتر 10 سەرپەرشتیار بوون، لە كابینەی نۆیەم کراون بە 14 سەرپەرشتیار.

وەزیری داد ئاماژەش بەوە دەکات کە لە داواكاری گشتی و لەم سێ ساڵەدا زیاتر لە  هەزار و 700 سەردان و بەدواداچوون هەبووە و کار لەسەر 75 تانە لە بەرژەوەندیی یاسا کراوە و 464 دۆسیە یەکلاکراونەتەوە.

لەبارەی پەیمانگەی دادوەریش وەزیری داد ئاماژەی بەوە دا کە لەم کابینەیەدا دوو خول بە بەشداریى 120 کەس ئەنجامدراون کە تێیدا 47 دادوەر و 12 ئەندامى داواکارى گشتى دامەزرێنراون و لە بوارى تۆماركردنی خانووبەرەدا لەم سێ ساڵەدا هەزار و 877 تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراوە كە زیاتر لە 750 هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت. هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان 828 تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون. هەروەها لە 11 فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورە قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی 190 هەزار یەكەی نیشتەجێی وەبەرهێنان و ڕەزامەندیش دراوە بە  373 نووسینگەی فرۆشتنی خانوو و زەوی. بەمەش لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، نزیكەی 5 ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆر لە تاپۆکان ئەنجام دراوە.

فەرسەت ئەحمەد دەڵێت، گەورەترین پڕۆسە کە لە سەرتاسەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام درابێت لە فەرمانگە دادییەكان بووە، کە ئەویش پڕۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکانە و تا ئێستا لە کۆی 68 فەرمانگە، 57 فەرمانگەیان بەئەلیكترۆنی كراون، بەمەش هەم خزمەتگوزارى گەورە پێشکەشی هاووڵاتیيان کراوە و هەمیشە لە ڕووى شێوە و کارکردنەوە سیستەمێکى مۆدێرن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتيیان.

بە گوتەی وەزیری داد لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم سەرجەم فەرمانگە دادییەکان نزیکەی 3 ملیۆن مامەڵەی جۆرا و جۆریان ئەنجام داوە و  4 هەزار و 160 دۆسیەی فەرمانبەرانیش وردبینی كراون و ئەژماری بانكی بۆ 2 هەزار و 600 فەرمانبەر كراوەتەوە و لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بڕى زیاتر لە 14 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە.

فەرسەت ئەحمەت راشیگەیاند لەم ماوەیەدا 13 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی کرانەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتيیان لە نێوانیشیاندا دادگەی کارگێڕی دهۆک.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.