بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:
ئەرکی سەرەکی گشتی وەزارەتی ناوخۆ، بریتییە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاریکردن لە سەروسامانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم.
لە كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، له تهممووزی 2019ـه وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوهی كارنامهی كابینهی نۆیهم و لهسهر فهرمان و راسپاردهكانی بهڕێز مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لە ئاستی کارگێڕی و یاسایی و دارایی ئەم ههنگاوی خوارەوەی هاوێشتووه.
رێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، رێز گرتن لە هاووڵاتییان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی رێکوپێک و نههێشتنی نۆره و قهرهباڵغی و جێبهجێكردن و سیستمی نۆرهی ئهلیكترۆنی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و گۆڕینی ئاراستەی کارمەند و ئەفسەران لە شێوازی ڕەفتار و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھاووڵاتییان.
کارا کردنی سیستمی سكاڵای ئۆنلاین و چارهسهركردنی كێشه و گرفتهكانی هاووڵاتییان کە تا ئێستا هەزار و 572 سكاڵای وەرگیراوە و چارەسەر کردنی بەشێکی هەرە زۆریان. کارا کردنی هێڵی گهرمی 414 و پێداچوونەوە بە میلاك و نەهێشتنی دیاردهی دهوامنهكردن. بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکان گواستراونەتەوە بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.
لە هەمانکاتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی ئەفسەران و دانانی مەرجی ھەبوونی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزکردنەوەی پلە، کاریگەری خۆی هەبووە.
جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھێنانەکایەی یەکەی پاسەوانی و تێپەڕاندنی پەیڕەوی پاسەوانی، پەیڕەو کردنی سیستمی پاداشت و سزا بەسەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەران.
پەیمانگهی پەرەپێدانی ئەمنی و کارگێری و تەکنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆ، چەندین خولی ئەنجام داوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و کارمەندی وەزارەت.
لە هەمانکاتدا دەرچوواندنی یاسای کۆمپانیا ئەمنییەکان لە کوردستان بۆ یەکەمجار ویاسای نوێی چهك ژمارە 2ی ساڵی 2022، بە یەکێک لە دەستکەوتەکان هەرە سەرەکییەکان دادەنرێت.
چارەسەرکردنی کێشەی تۆماری لاوەکی هاووڵاتییان کە ماوەیەک بوو بە دەستییەوە دەیان ناڵاند، بهفهرمیكردنی ڤیزای ههرێم، زیادكردنی 6 نووسینگەی تری پاسپۆرت لە قەزاکانی (سۆران ، ئاکرێ ، زاخۆ ، کۆیە، چەمچەماڵ و ئامێدی) کە بە جۆرێک وەرگرتنی پاسپۆرت بە کاتێکی کورت و پێوانەیی.
پێداچوونەوە بە دیزاین و کوالێتی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل بە ھەموو جۆرەکانی و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی تابلۆی نێودەوڵەتی، و زیادکردنی زمانی کوردی بۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل.
لە هەمانکاتدا دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیون، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و بۆ جێبەجێکردنی یاسا، كه لەو ڕێگەیەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چەندین شەھید و بریندار داوه.
له كاتی كۆرۆنا وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگهکانی تری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو تواناکانی خستە کار بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان.
بەم دواییەش داخستنی شوێنی فرۆشتنی چەک لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت، کە خۆشبەختانە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، چ لەلایەن هاووڵاتییان چ لەلایەن دامەزراوەکانی حکوومەت و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەم فەرمانەی سەرۆکی حکوومەت وەک خۆی جێبەجێ کراوە. لەم پێناوەشدا بۆ ئەوەی کە وەزارەت بەردەوامی بدات بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان لە بەرنامەدایە کە ئەو بابەتانەی کە باسکراون لە داهاتووشدا کاری جددی لەسەر بکرێت، لە جێبەجێ کردنی یاسا لە پاراستنی هاووڵاتییان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەردەمیدان بە سەردەمیانەکردنی کاروچالاکییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمانکاتدا لە بەرنامەماندایە کە ماف و شایستە داراییەکانی خانەنشینانی ناوخۆ لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە پڕۆژەیاسایەک کە ئامادە کراوە بدرێتە پەرلەمان و ئەو مافانە دابین بکرێن کە ماوەیەکی زۆرە داواکاری سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە.
من سوپاسی هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و برا پێشمەرگەکان دەکەم کە لە هەموو قۆناغێکدا لە هەموو کاتێکدا پاڵپشت بوون بۆ یەکتری و هەموویان پێکەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆح و گیانی خۆیان بپارێزن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.