Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 07:17

هاووڵاتییان لەبارەی پەیڕەوکردنی چەند یاسایەک لە شەقامی 120 مەتری ئاگادار دەکرێنەوە

کوردستان TV
100%

هاتووچۆی هەولێر، شوفێران و هاووڵاتییان لەبارەی پەیڕەوکردنی چەند یاسایەک لە شەقامی خێرای 120 مەتری هەولێر کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەگیرێتەبەر، ئاگادار دەکاتەوە.

فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: سەرجەم شوفێران وهاووڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوە ئەو یاسایانەی ڕێگەی خێرا کە ئاماژەیان پێ دەکرێت پەیڕەودەکرێن لەسەر شەقامی 120مەتری خێرا.

 ڕاشیگەیاند: لەسەر هەموو شوفێرانە کە یاساکان وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، بۆ سەلامەتیان و سەلامەتی هەموو بەکارهێنەرانی ڕێگەیەکە، وەهەر شوفێرێک سەرپێچی بکات سزای یاسایی دەدرێت.

هاتووچۆی هەولێر ئەو یاسایانە دەخاتەڕوو کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگیرێتەبەر کە بەمشێوەیە:-

1- لەکاتی سەرکەوتن لە دەروازەکانی شەقامی خێرا دەبێت شوفێران لە سایدی تاودان بمێننەوە  و خێراییەکانیان زیاد بکەن، تاوەکو دەگاتە خێرایی شەقامەکە، ئینجا بێنە ڕێڕەوی خێرا و لەسەر شوفێرانی سەر ڕێگەی خێرا ئەرکە ئاسانکاری بۆ شوفێران بکەن بۆهاتنە ناو شەقام، هەروەها پپێشینە بۆکەس نییە لەم حاڵەتە.

2- دەبێت شوفێران ڕێڕەوی ئەوپەڕی چەپ تەنیا بۆ تێپەڕاندن بەکاربهێنن، نابێت بە بەردەوامی لەسەری بڕۆن.

3- مانۆڕی تێپەڕاندن دەبێت بە تەنیا لەلای چەپ ئەنجام بدەن لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە، بەهیچ شێوەیەک لولخواردن و هەوڵی تێپەڕاندن لەلای ڕاست ڕێگەپێدراو نییە.

4- دەبێت بەردەوام ماوەیەکی بێوەیی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان جێ بهێڵرێت کە ئەگەر ڕۆیشتنەکە بە ئەوپەڕی خێرایی ڕێگەپێدراو بێت، لەم حاڵەتە ماوەکە کەمتر نەبێت لە 100 مەتر یان 3 چرکە.

5- دەبێت بارهەڵگرەکان لە ڕێڕەوی ئەوپەڕی ڕاست بڕۆن و بەخێراییەک کە ئەوپەڕی 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک بێت.

6- ماتۆڕسکیلی سێتایە و پایسکیل ومۆپید قەدەغەیە لە شەقامی خێرا بەکاربێنن لەژێر هەر بیانوویەک بێت.

7- بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی لە کاتی لێخوڕین لە شەقامی خێرا یان هەر شەقامێکی دیکەی ئاساییش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

8- پەڕینەوە و ڕۆیشتنی پیادەکان لەسەر شەقامی خێرا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

9- هەموو وەستان و بە یەکترگەیشتن و چاوەڕێکردنێک بۆ ئۆتۆمبێلەکان قەدەغەیە، تەنیا لە حاڵەتی وەستانی لەناکاو نەبێت کە ئەویش دەبێت بەپێی بنەماکانی هاتووچۆ بێت و لەلای ڕاستی شەقام بێت و فسفۆری ئاگادارکردنەوە دابنرێت لەدوای ئۆتۆمبێلە وەستاوەکە.

10- دەبێت ئەو بارهەڵگرانەی شەقامی خێرا یان هەر شەقامێکی دیکە بەکاردێنن بەباشی بارەکانیان ببەستنەوە، ڕەچاوی بەرزی و فراوانی بارەکان بکەن کە لەسنووری یاسایی بێت.

11- هەموو کڕین و فرۆشتنێک لەسەر شەقامی خێرا قەدەغەیە و هەرکەسێک ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.

12- لە کاتی دەرچوون لە شەقامی خێرا دەبێت بەر لە یەک کیلۆمەتر ئامادەکاری بکرێت بە گرتنی لای ڕاستی ڕێگەیەکە، ڕۆیشتن بە هەمان خێرایی تاوەکو دەگەنە مەودایەکی زۆر نزیک لە دەرچە، ئینجا لەناو ڕێڕەوی دەرچە خێراییەکان کەم بکەنەوە و لە شەقامەکە دەربچن بەبێ ئەوەی دەرچوونەکەیان کار بکاتە سەر شوفێرانی دیکە و ناچاریان بکات کەوا ڕێڕەویان بگۆڕن، یان خێراییان کەم بکەنەوە.

13- بە هەموو شێوەیەک پێشبڕکێکردن و نمایشکردن و سەرکێشیکردن قەدەغەیە.

14- نابێت گۆڕینی ڕێڕەو لەوپەڕی چەپ بۆئەوپەڕی ڕاست بەیەکجار بکرێت، وەبەپێچەوانەوەش، بەڵکو دەبێت ڕێڕەو بەرەبەرە بەپێی ڕەخسانی هەلی گونجاو بگۆڕدرێت.

15- بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی (ڕەماش) بۆ ناچارکردنی شوفێرانی دیکە بۆ ڕێگەکردنەوە قەدەغەیە .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.