Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 05:27

سعوودیە و ئەمریكا 18 ڕێككەوتنی هاوكارییان واژۆ كرد

کوردستان TV
100%

ئاژانسی هەواڵی "SPA"ی سعودیە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا و سعوودیە 18 ڕێككەوتن و یاداشتنامەی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەكانی وزە، وەبەرهێنان، پەیوەندییەكان، بۆشایی ئاسمان و تەندروستی واژۆ كردووە.
بەپێی ئەو راپۆرتەی ئاژانسەكە پێشكەشی كردووە، ئەو رێككەوتنانە لە پەراوێزی سەردانەكەی رۆژی هەینیی رابردووی سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن بۆ سعودیە واژۆ كراون.
هەردوولا 13 ڕێكەوتنیان لە نێوان وەزارەتەكانی وزە و وەبەرهێنانی سعوودیە، كۆمیسیۆنی شاهانەی جوبەیل و یانبو واژۆ كرد، لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەتی ئەمریكی وەك كۆمپانیای بۆینگ، پیشەسازی بەرگری ڕیتیۆن، مێدترۆنیك، دیجیتاڵ دایگنۆستیك، IKVIA لە كەرتی چاودێری تەندروستی، و... كۆمپانیاكانی تر كە پسپۆڕن لە بوارەكانی وزە، گەشتیاری، پەروەردە، بەرهەمهێنان و قوماش.
هەروەها دەسەڵاتی بۆشایی ئاسمانی سعوودیە و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی "ناسا" ڕێككەوتنی "ئارتیمیس"یان واژۆ كرد بۆ گەڕان بەدوای مانگ و مەریخ، و پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
هاوكات وەزارەتی پەیوەندییەكان و تەكنەلۆژیای زانیاری سعودیە یاداشتێكی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای IBM واژۆ كرد بۆ ئەوەی 100 هەزار گەنجی ژن و پیاو لە ماوەی پێنج ساڵدا شایستە بكات، ئەمەش وەك بەشێك لە هەشت دەستپێشخەری.
هەروەها هەردوولا لە بوارەكانی وزەی پاك رێككەوتنێكی هاوبەشییان واژۆ كرد، لەوانەش هاوكاری لە بەكارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستی سعوودیە و ئەمریكا یاداشتێكی هاوكارییان لە بوارەكانی تەندروستی گشتی و زانستە پزیشكییەكان و توێژینەوەكان واژۆ كرد.
رۆژی هەینی، ئەمەریكا و سعودیە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، كە تیایدا بەهێزبوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان و پێشخستنی دیدێكی هاوبەشیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی زیاتر، دووپاتكردەوە، كە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاوەدان و سەقامگیر بگەیەنێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.