بە گوێرەی چەند وێنەیەكی مانگە دەستكردەكان كە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی هەواڵی دەستی كەوتووە، شاندێكی رووسی لانیكەم دووجار سەردانی فڕۆكەخانەیەكیان كردووە لە ناوەندی ئێران بە مەبەستی پشكنینی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كە لەتوانایدایە مووشەك هەڵبگرن.
بەرپرسانی ئەمریكا بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن"یان روون كردەوە، لە میانی بوونی شاندەكە لە فڕۆكەخانەی كاشان لە باشووری تاران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، ئێران درۆنەكانی لە جۆری "شاهید ـ 191" و "شاهید ـ 129" بۆ شاندەكە نمایش كرد، ئاماژەشیان پێدا، هەردوو درۆنەكە دەتوانن مووشەكی ئاراستەكراوی ورد هەڵبگرن.
لای خۆشییەوە، جەیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا گوتی: زانیاریمان لایە كە حكوومەتی ئێران ئامادەكاری دەكات بۆ پێدانی سەدان درۆن بە رووسیا. ئێمە پێشبینی دەكەین شاندێكی فەرمی رووسی ئامادەی نمایشێكی درۆنەكانی ئێران بووە. وێنەی مانگە دەستكردەكان ئەوە دەردەخەن كە شاندە رووسییەكە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو ئەو درۆنانەیان بینیوە.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا جەختیان كردۆتەوە كە رووسەكان جارێكی دیكە لە 5ی ئەم مانگە سەردانی ئێرانیان كردووەتەوە بۆ هەمان مەبەست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.