Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 22:19

عێراق داوا لە توركیا دەكات بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات زیاد بكات

کوردستان TV
100%

بەغدا چەندین جار ئیدانەی دروستكردنی ئەو بەنداوانەی كردووە لەلایەن دراوسێكانیەوە كە دەبنە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دەگاتە عێراق.
رۆژی شەممەی رابردوو، مەهدی رەشید ئەلحەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق داوای لە توركیا كرد رێژەی دەردانی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات زیاد بكات، لە كاتێكدا ئەو دوو وڵاتە كە لە بەڕێوەبردنی فایلی ئاودا جیاوازن، رووبەڕووی تەحەدای وشكەساڵی بوونەتەوە.
عێراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و بیابانبوون لە جیهاندا بەهۆی زیادبوونی وشكەساڵی، بەگوتەی دەسەڵاتدارانی عێراق، لەكاتێكدا بەغدا چەندین جار ئیدانەی دروستكردنی بەنداوەكان دەكات لەلایەن دراوسێكانییەوە كە دەبنە هۆی دابەزینی ئاستی ئاو كە دەگاتە عێراق .
ئەم لێدوانەی ئەلحەمدانی لە میانی كۆبوونەوەیەكی مەجازیدا هاتووە لەگەڵ فەیسەڵ ئێرۆغڵو، نوێنەری تایبەتی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ كاروباری عێراق، بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بۆ "تاوتوێكردنی دۆخی هاوردەكردنی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات بووە .

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، " ئەلحەمدانی داوای لە لایەنی توركیا كرد كە سەرلەنوێ بە پلانی ئازادكردنی ئاودا بچنەوە، بە شێوەیەك كە پێویستیی عێراق بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستای كەمی ئاو مسۆگەر بكات".
هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا رێككەوتوون "شاندێكی تەكنیكی عێراقی بنێرن بۆ ئەوەی لە شوێنەكەدا واقیعی كۆگاكانی ئاو لە بەنداوەكانی توركیا ببینن".
هەروەها ئەو دوو لایەنە بڕیاریاندا "پلانی كارپێكردنی ئەو بەنداوانە بەپێی ئەم كۆگایەی لەبەردەستدا تاوتوێ بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئێستای كەمی ئاو كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت".
لای خۆیەوە ئەو بەرپرسە توركییە بەڵێنی داوە، بەپێی بەیاننامەكە، "كۆمپانیای ئاو و بەنداوەكانی توركیا رابسپێرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا و بەپێی عەمباركردنیان كە لەبەردەستیاندایە، رێژەی دەردانی ئاو زیادبكات".
هەروەها رۆژی سێشەممە، عەلیڕەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، "وشكەساڵی تەنیا كێشەی عێراق نییە، بەڵكو كێشەی توركیا و تەواوی ناوچەكەمانە"، دەشڵێت "لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهان، لە ساڵانی داهاتوودا وشكەساڵی زیاتر دەبێت”.

ئەو پێیوایە "ئاو لەعێراقدا زۆر بەفیڕۆ دەچێت، پێویستە رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی ئەم بەفیڕۆدان"، ئاماژەی بەوەشكرد "دەبێت سیستمی ئاودێری مۆدێرن بكرێت".
ئەم لێدوانانە وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراقی وروژاند، كە وەك ناڕەزایەتییەك داوای بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیای كرد.
هەر دوێنێ سێشەممە وەزیرەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "توركیا هەمیشە مشتومڕ دەكات لەسەر پرسی بەفیڕۆدانی ئاو لە هەوڵێكدا بۆ تێكەڵكردنی كاغەزەكان بۆ ئەوەی مافی كەمكردنەوەی پشكی ئاوی عێراق بەخۆی بدات و ئەمەش لە ئێستادا روودەدات".
عێراق لە ماوەی سێ وەرزی رابردوودا بەهۆی كەمی باران بارین، وشكەساڵی بەخۆیەوە بینی. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، حاتەم حەمید حسێن، "ئامباركردنی ئاو بەڕێژەی 60% كەمترە لە ساڵی ڕابردوو".
ئاماژەی بەوەشكرد، داهاتی عێراق لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بە 35% مەزەندە دەكرێت، "بە بەراورد بە تێكڕای گشتی بۆ 100 ساڵی ڕابردوو".
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.