Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 20:27

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە ڕێژەی 45٪ كەمكردەوە

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گوتەیەكدا باس لە گرنگترین چالاكی وەزارەتەكەی دەكات، ئەمەش دەقی گوتارەكەیەتی:
لە ماوەی سێ ساڵی كاركردنی وەزارەتەكەماندا، پێم خۆشبوو مشتێك لە خەرمانی دەستكەوتەكانمان بۆ ئێوە ڕابگەیەنم. هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە نوێكردنەوەی سەركردایەتی زانكۆكان كە پرسێكی یەكجار گرنگ بوو، لە كۆی 14 سەرۆك زانكۆی حكومی لە ئێستادا 12سەرۆك زانكۆیان گۆڕاون.
هەروەها گۆڕانكاری لە ڕاگری كۆلێجەكان ئەنجام دراوە، نزیكەی(60) ڕاگر لە زانكۆكان گۆڕاون و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
هەروەها ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەركردەی ئەكادیمی ژن بۆ بەشداریكردن لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، لە ئێستادا سێ خانم سەرۆكی زانكۆن لە نێو ڕاگرەكانیش دەرفەتی گونجاو بۆ خانمانی كوردستان دەڕەخسێنین.
هەروەها لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەتدا، كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە ڕێژەی (45٪) كەمكردەوە، لە پێناو هاوكاریكردنی خوێندكاران و كەس و كاریان. لەم پرۆسەیەشدا بە دەیان ملیار دینار هاوكاری كەسوكاری خوێندكاران كراوە.
یەكێكی دیكە لە چالاكییەكانی ئێمە كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی تایبەت، لە ساڵی یەكەمدا (25٪) و ساڵانی دواتر، بەپێی ئەنجامەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی، كرێی خوێندنی تایبەت بە ڕێژەی (10٪ بۆ 20٪) كەمكرایەوە.
لەناو ئەو قەیران و هەلومەرجانەی كە هەیە، توانیمان كار بكەین بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی ساڵی (2015-2016) و (2016-2017) كە ژمارەیان نزیكەی 3 هەزار قوتابی دەبێت.
یەكێكی تر لە چالاكییەكانی وەزارەتمان ڕاگەیاندنی 6 هەزار كورسی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەك ساڵی و ماستەر و دكتۆرا. بۆ یەكەمین جار ئێمە توانیمان پلانی وەرگرتن لە زانكۆ حكومییەكان بگەیەنینە ئاستێك كە 100٪ی دەرچوانی ئامادەیی، ئەوانەی كە داواكاریان لە ڕێگای سیستمی زانكۆلاین پێشكەشكردبوو، لە خوێندنی حكومیدا هەموومان جێكردوونەتەوە.
هەروەها دابینكردنی كورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ هاوسەر و منداڵانی شەهیدانی سەر بەرزی گەلەكەمان.
دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ سەرجەم ئەو پێشكەشكارانەی كە (شەنگال و كەركوك و خانەقین) و ناوچەدابڕاوەكانی كوردستان داوایان پێشكەش كردبوو.
دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارەكانی سوریا.
دەستەبەركردنی پاڵپشتی دارایی مانگانە بۆ خوێندكاران بە بڕی 7 ملیار و 250ملیۆن دینار بە هاوكاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز.
بەدەستهێنانی فەند و پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە ڕێگای پڕۆگرامەكانی یەكێتی ئەوروپا بەتایبەت بەرنامەكانی ئیراسمۆس و ئیراسمۆس پلەس. بۆ نموونە: پرۆژەی تایگریس (TIGRIS) ، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمۆس پلاس و بە هاوكاری یەكێتی ئەوروپا لە بواری خوێندنی باڵادا لە نیوان ساڵانی 2017-2020 جێبەجێكرا كە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی تواناكان و پشتیوانی بە نێودەوڵەتیكردنی دەزگاكانی خوێندنی باڵا و بڕی 3ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان كرا.
هەروەها پرۆژەی Apprais، ئامانجی گشتی پرۆژەی ئەپەرایس بریتییە لە مۆدێرنكردنی سیستەمی بەرێوەبردنی دامودەزگاكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بە گرینگیدان بە پلانی ستراتیژی و دڵنیایی جۆری و جولەی كرێدیت و ئاكامەكانی فێربوون بۆ ئەوەی بۆلۆنیا پرۆسێس بە شێوەیەكی باشتر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و بڕی یەك ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان كراوە. هەروەها ئامادەكردنی چەندین رێنمایی بۆ ڕێكخستنی كاروبارە جیاجیاكانی كەرتی خوێندنی باڵا، بەتایبەت ڕێنمایی مۆڵەتی خوێندن، ڕێنمایی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا و دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی.
خاڵێكی تر كە جێگەی ئاماژە پێكردنە فراوانكردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی زانكۆكانمانە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی زانستی و ئەكادیمیان.
هەروەها پێشكەوتنی بەشێكی بەرچاوی زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی 15 هەزاری زانكۆكانی جیهانەوە بۆ خوار ڕیزبەندی چوار هەزار یەكێكی ترە لەو خاڵانەی كە جێگەی شانازی و دڵخۆشی وەزارەتەكەمانە.
تەرخانكردنی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاوكاری توێژەرانی كوردستان بە هاوكاری سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز.
پاراستن و دەربازكردنی پرۆسەی خوێندن لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی (Covid-19) دا یەكێكی دیكە بوو لە دەستكەوتە هەرە گرنگەكانی ئێمە كە خەڵكانێك پێیان وابوو ئەركێكی قورسە و هەورازێكی یەكجار سەختمان لە پێشە بەڵام بە پشتیوانی خوا و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییانی كوردستان توانیمان بە سەركەوتوویی دەربازی بكەین.
لە ڕووی كارگێڕییشەوە لە كۆی 31 هەزار و 332 دۆسیەی فەرمانبەران 25هەزار و 375 دۆسیە وردبینی كراون. كە 299 پلەی زیادە وەرگیراوەتەوە و164 سەرموچەی زیادە كە خەرج كراوە.
ئەوەی كە لەم كورتە چاوپێكەوتنەدا پێشكەشی ئێوەی بەڕێزم كرد كۆی خەرمانی دەستكەوت و چالاكییەكان و ئەجێندای كاری ئێمە نییە، خوا یار بێت لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێچكانە و ئەم دەستكەوتانە گەشە پێ دەدەین و ئەوانەش كە ماون جێبەجێیان دەكەین و پێشكەشی هاووڵاتییانی خۆشەویستیان دەكەین.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.