Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 16:26

ئەیاد کاکەیی: عێراق نایەوێت واژۆ لەسەر پەیماننامەی کۆتاییهێنان بە جینۆساید بکات

کوردستان TV
100%

شارەزایەکی تاوانەکانی جینۆساید ڕایگەیاند، عێراق ئامادە نییە واژۆ لەسەر پەیماننامەی ڕۆما بکات و ببێتە ئەندام لە دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەکان، بەمەش مەترسی جینۆساید لەسەر هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەمێنێت.

ئەیاد کاکەیی شارەزای تاوانەکانی جینۆساید، بە ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: ئێمە وەک کورد سەرەتا زۆر خۆشحاڵ بووین بە دامەزراندنی دادگەی باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، چونکە دەمانویست لە ڕێگەی ئەو دادگەیەوە ئەو تاوانانەی بەسەر گەلی کورددا ھاتوون بە جینۆساید بناسێنین، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق ئامادە نییە واژۆی پەیماننامەی ڕۆما بکات و ببێتە ئەندام لە دادگەی باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان.

ڕاشیگەیاند: تەنیا لە سەردەمی ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا واژۆ لەسەر پەیماننامەکە کرا لەلایەن عێراقەوە، بەڵام بەداخەوە دوای هەفتەیەک عێراق ئیمزاکەی کشاندەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە کورد زۆر ھەوڵی داوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لەو دادگە نێودەوڵەتییەدا، چونکە ھەبوونی دادگەیەکی نێودەوڵەتی گەرەنتیی ھەیە بۆ کورد، بەپێچەوانەوە تا عێراق نەبێتە ئەندام لەو دادگەیەدا مەترسیی جینۆساید ھەر دەمێنێت لەسەر گەلی کورد بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە.

ئەیاد کاکەیی ئاشکرای کرد کە سەدان بەڵگەنامە لەسەر داگیرکاریی داعش و کارەساتی شنگال و دەشتی نەینەوا و 700 بەڵگە تەنیا لەسەر تاوانەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئامادە کراون و ئاراستەی دادگەی باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کراون، بەھۆی ئەندامنەبوونی عێراق لەو دادگەیەدا کاری لەسەر ناکرێت.

ئەو شارەزایەی بواری جینۆساید ئاماژەی بەوەش دا کە "ئێمە ساڵانە بەشداری لە کۆنفڕانسی دادگەی نێودەوڵەتیدا دەکەین و ھەموو دۆسییەکانی تاوانەکانی داعش و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و دەشتی نەینەوا و کاکەییەکانم گەیاندووەتە داواکاری گشتی لە دادگەی باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، بەداخەوە پێیان ڕاگەیاندین تاوەکو عێراق نەبێتە ئەندام کاری لەسەر ناکەن."  

پەیماننامەی ڕۆما لە 17ـی 07ـی 1998 بڕیاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار ھەموار کراوەتەوە، سەدان وڵات واژۆیان لەسەر پەیماننامەکە کردووە، ئەم دادگەیە ئامرازێکی گرنگە بۆ ڕێگرتن لە تاوانەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی، وڵاتانی ئەندام لەو دادگەیە دەکەونە ژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئەندام نەبوون لەم دادگەیە دەرخەری ئەوەیە کە لەهەر کاتێکدا مەترسی دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.