Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 10:34

پێنج هەفتەیە حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیهان لە بەرزبوونەوەدایە

کوردستان TV
100%

پێنج هەفتەیە بۆ جارێکی دیکە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جیهان لە هەڵکشاندایە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا هەفتەی رابردوو پێنج ملیۆن و 700 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراون، بەم جۆرە رێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر لە سەدا شەش زیادی کردووە.

حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئاداری 2022ەوە کەمبوونەوە، بەڵام لە نیوەی دووەمی مانگی حوزەیراندا جارێکی دیکە حاڵەتەکانی تووشبوون بەو پەتایە بەرز بووەتەوە. وا لێک دەدرێتەوە سەرچاوەی ئەمە بۆ جۆرەکانی BA.4 و BA.5ی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگەڕێتەوە کە بە ئاسانی دەگوازرێنەوە بۆ خەڵک و تا دێت لە جیهان بەربڵاوتر دەبن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئاماژەی بەوەیش داوە هەرچەند حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا زیادی کردووە، بەڵام گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە. لە کاتێکدا لە سەرتاسەری جیهان هەفتەی رابردوو نۆ هەزار و ٨٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی پێشووتر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

لەسەر ئاستی ناوچەییش زیادبوونی حاڵەتەکان بە رێژەی لە سەدا 28 لە رۆژئاوای زەریای هێمن و لە سەدا 25یش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کراون. لە کاتێکدا حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەفریقا بە رێژەی لە سەدا 33 و لە باکوور و باشووری ئەمریکا بە رێژەی لە سەدا یەک کەمی کردووە، بەڵام لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە رێژەی لە سەدا پێنج و لە ئەورووپایش بە رێژەی لە سەدا چوار زیادی کردووە.

ئامارەکانی گیان لەدەستدان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی سەدا 78 و لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە رێژەی سەدا 23 زیادیان کردووە، لە بەرامبەردا ئامارەکان لە ئەفریقا بە رێژەی سەدا 17، لە رۆژئاوای زەریای هێمن بە رێژەی سەدا 10، لە ئەمریکای باکوور، باشوور و ناوەڕاست بە رێژەی سەدا یەک، کەمیان کردووە، لە ئەورووپاش ئامارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

شەپۆلەکانی BA.4 و BA.5ی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا بێت زیاتر بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و پەرە دەسێنێت، ئەوەش دەزانرێت کە ئەم ڤایرۆسە لە بەرامبەر ڤاکسینەکان و سیستمی بەرگری جەستەدا، خۆڕاگری دەکات.

ناوەندی رێگرییکردن و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە 13ی تەمووزدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە توشبوون بە ئۆمیکرۆن بە رێژەی سەدا 80 زیادیکردووە.

پێشبینی دەکرێت لە وەرزی پایزدا شەپۆلێکی نوێی پەتا بە جیهاندا بڵاوبێتەوە.

سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، تێدرۆس ئادهانۆم گێبریسیوس لە لێدوانێکی هەفتەی رابردوویدا باسی لەوە کرد پەتای کۆرۆنا وەک "دۆخی لەناکاوی جیهانی" بەردەوامە.

تێدرۆس ئادهانۆم گێبرێسیوس ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن بەردەوام لە زیادبووندایە و گوتیشی: کەمبوونەوەی توانای کۆنترۆڵ کردنی ڤایرۆسەکان، دەبێتە هۆی رێگرییکردن لە تێگەیشتن لە شێوازی بڵاوبوونەوە و ئاستی کاریگەری رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی "Worldometer" لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، زیاتر لە 567 ملیۆن حاڵەتی توشبوون تۆمار کراون و بەهۆی ڤایرۆسەکەشەوە زیاتر لە شەش ملیۆن و387 هەزار کەس، گیانیان لەدەستداوە.

جیهان تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.