Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 08:14

بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە ئەوروپا ڕووبەڕووی زستانێكی سەخت دەبێتەوە

کوردستان TV
100%

حكومەتەكانی ئەوروپا لەژێر فشاری سیاسی و ئابووری زیاتردان، بەهۆی تێچووی لەشكركێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
بە گوێرەی رۆژنامەی "زە گاردیەن"ی بەریتانی، "هەوڵە نائومێدەكان" بۆ رێگریكردن لە رووخانی حكوومەتی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا، ماریۆ دراگی، "دواین زریانی سیاسی" ئەنجامی لەشكركێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیایە.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لویجی دی مایۆ ئاماژەی بەوەدا كە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا "ئاهەنگی رووخانی حكومەتێكی دیكەی رۆژئاوا دەگێڕێت" ئەگەر دراغی لە دەنگدانی لێسەندنەوەی متمانەی رۆژی چوارشەممە لە پەرلەمان رزگاری نەبێت.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویكردەوە، زۆربەی حكومەتەكانی ئەوروپا لەژێر فشاری زیاتردان لەسەر تێچووی چاوەڕوانكراوی شەڕی ئۆكرانیا، پوتین هەست دەكات "كات و ئابووری لە لای ئەون"، چونكە سزاكان زیاتر زیان بە بەكاربەرانی ئەوروپا دەگەیەنن لە رووسیا.
بە گوێرەی رۆژنامەی گاردیان، پوتین سوود لەم بابەتە وەردەگرێت بۆ ئەوەی "فشاری ئابووری بۆ سەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە رەنگە ببێتە هۆی "شۆكی ئابووری كە سیاسەتمەداران لە ئەوروپا دەكوژێت".
بەپێی هەواڵێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەوروپا ترسی ئەوەی هەیە كە ئەگەر پچڕانی غازی ڕووسیا بەردەوام بێت، "كاردانەوەی ئابووری بەرفراوان" ڕووبدات.
بە چەند هۆكارێك، روسیا پێشتر پێدانی غازی بۆ وڵاتانی وەك فەرەنسا، پۆڵەندا، بولگاریا، فینلاند، دانیمارك و هۆڵەندا راگرتووە، لەم دواییانەشدا گەیاندنی بۆ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا كەمكردۆتەوە، بەگوێرەی "فرانس پرێس"، ئەو كەمكردنەوەیە بە هۆكاری "گەمارۆكانی رۆژئاوا" دەزانێت. .
وتەبێژی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، جۆزێپ بۆرێل، پێیوابوو كە "بەرزبوونەوەی نرخەكان لە ئەوروپا بەهۆی سزاكانی سەر ڕووسیایە"، بەڵام بەڵگەی لەسەر ئەمە نەخستەڕوو.
لە فەرەنسا، ئەنجامی لەشكركێشییەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بووە هۆی ئەوەی كە پارتی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست بدات بەرامبەر بەو پارتانەی كە "زیاتر هاوسۆزی پوتینن".
بەپێی هەواڵێكی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ماكرۆن داوای لە یەكێتی ئەوروپا كردووە "ئامادەكاری بۆ سیناریۆیەك بكات كە تێیدا دەبێت بە تەواوی لە غازی ڕووسیا بگۆڕین".
لە ئیسپانیا سۆسیالیستەكان كە لە ساڵی داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڵبژاردن دەبنەوە، بنكەی دەسەڵاتیان لە زۆرینەترین ناوچەی ئەو وڵاتە لەدەستداوە.

لە ئیستۆنیا هەفتەی رابردوو حكومەتی سەرۆك وەزیرانی كاجا كڵاس لە رووخانی رزگاری بوو، ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی هەڵاوسانی ئەو وڵاتە بۆ 19% بەرزبووەوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نرخی كارەبا لە ئیستۆنیا گەیشتە بەرزترین ئاست و تێكڕای هەر مێگاوات كاتژمێرێك 300 یۆرۆ بووە.
ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویكردووەتەوە، لە پۆڵەندا، پارتی پی ئێس نیگەرانە لە "شكست لە هەڵبژاردنەكانی پاییزی داهاتوو"، تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بە پشتیوانی ئۆكرانیا بمێنێتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەوروپا چاوەڕێی ئەوە دەكات بزانێت ئایا ڕووسیا دەست دەكاتەوە بە پەمپكردنی غاز لە ڕێگەی بۆرییەكانی نۆرد ستریمی كۆمپانیای گازپرۆمەوە، كە بەم زووانە كارەكانی چاككردنەوەیان بەسەر دەچێت.
نیازی پوتین بەرامبەر بە ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕوون دەبێتەوە، كاتێك كۆمپانیای گازپرۆمی غازی ڕووسیا بڕیار دەدات كە ئایا دەست بە دابینكردنی غاز بۆ ئەوروپا بكاتەوە یان نا.
بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا، سەركردەكانی ئەوروپا مۆسكۆیان بە تاوانبار زانی كە "غاز وەك چەك" بەكاردەهێنێت ، بەڵام مۆسكۆ هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیە بۆ "بابەتی تەكنیكی پەیوەست بە سزاكانی رۆژئاوا" گەڕاندەوە، 
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "گاردیان"، رۆبەرت هابێك وەزیری ئابووری ئەڵمانیا، تاكتیكەكانی پوتینی بە "هێرشێك بۆ سەر ئەڵمانیا" وەسف كردووە كە توانای دروستبوونی كارەساتی هەیە".
لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیداردا، باڵیۆزی پێشووی ئەڵمانیا لە لەندەن، تۆماس ماتوسێك، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "گاردیان" دەڵێت "دەكرێت لە دوای كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە بچینە ناو گەورەترین قەیرانی ئابووری لە ئەڵمانیا".
بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەڵمانیا زۆر پشت بە غازی ڕووسیا دەبەستێت، هەروەها وەك "ناوەندێكی ترانزێت بۆ غاز بۆ نەمسا و كۆماری چیك" كاردەكات.
لەوبارەیەوە وتەبێژی یەكێتی كیمیایی ئەڵمانیا كە ئەندامەكانی گەورەترین بەكارهێنەری غازی سروشتی ئەڵمانیان، گوتی: گرنگترین ئامانجمان ئەوەیە كە لە یەكێتی ئەوروپادا كەمیی غاز بە هیچ شێوەیەك نەبێت.
ئەوروپا هەوڵدەدات هاوردەكردنی گازی سروشتی شل زیاد بكات و وەك "بەدیلێك" بۆ غازی ڕووسیا وەریبگرێت.لە كاتێكدا یەكێتی ئەوروپا لە پاشخانی داگیركارییەكانی مۆسكۆ بۆ سەر ئۆكرانیا سزای بەسەر گازی سروشتی ڕووسیادا نەسەپاند، بەڵام بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، بلۆكەكە هەوڵیدا هاوردەكردنی لێوە كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی پشتبەستنی بە مۆسكۆ كەم بكاتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.