Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 07:23

وەزیرى کشتوکاڵ: 3 یاسای گرنگمان دەرچوواندووە کە نزیکەی 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە کرد کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا جێبەجێکراون و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی حکوومەت کە گرنگی بە بواری کشتوکاڵی و سێکتەری ئاو لە هەرێمی کوردستاندا دەدات. بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی کارکردنمان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەندین بواری گرنگدا، ئەرکی مەزنمان بەجێهێناوە.

لە بواری چاکسازیدا، پێداچوونەوەمان بە دۆسیەى 9 هەزار و 849 فەرمانبەر کردووە و بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین زۆرینەى دەسەڵاتەکانمان دابەزاندوون.

خەرجیمان  بە ڕێژەى 70% کەم کردووتەوە وە پێشنیارى زیادکردنى داهاتمان بۆ 200 % کردووە، ئەمەش لە ڕێگەى کردنەوەى 9 تاقیگەی گرنگی جۆراوجۆر لە بواری کشتوکاڵدا.

3 یاسای گرنگمان دەرچوواندووە: یاساکانی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، یاسای بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو، یاسای پاراستنی ئاو، کە نزیکەی 5 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.

لە بوارى زەویوزاردا، جەختمان لە پاراستنى زەویى کشتوکاڵى کردووەتەوە. بە ڕێژەی 88% بووژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵیمان بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی کەمکردۆتەوە.

لە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان، بە توانای کۆگاکردنی 500 هەزار تۆن، چەندین پڕۆژەی سایلۆمان دامەزراندووە، کە ١٣ کارگەی جۆراوجۆری بۆ بەرهەمهێنانی بەروبومەکانی گەنم و بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران تێدایە.

لە پڕۆژەکانى سامانى ئاژەڵ و پەلەوەرى، لە کۆى کابینەکانى پێشوو هەزار و 864 پڕۆژە جێبەجێکراون، بە تەنها لەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەمدا 309 پڕۆژەى گرنگمان جێبەجێکردووە و دەیان مامەڵەى تریشمان لە پڕۆسەدان، کە سەرجەمیان دەکاتە 2 هەزار و 173 پرۆژە.

لە پێناو پاراستنى سامانى ئاژەڵی، 4 ملیار دینارمان بۆ کڕینی دەرمانى قڕکەر و نەخۆشییەکان تەرخانکردووە.

لەبوارى پەرەپێدانى کشتوکاڵیدا، 30 هەزار خانووى پلاستیکیمان لەسەر ڕووبەرى 5 هەزار و 504 دۆنم زەوى بۆ بەرهەمهێنانى جۆرەکانى سەوزە و میوە درووستکردووە کە بووەتە هۆى ڕەخساندنى 14 هەزار و 930 هەلى کار.

کردنەوەی گەورەترین سەنتەرى توێژینەوەی زانستى و خانووی شووشەیی بەبازاڕکردن کە لە مانگی نۆدا دەستپێدەکەین. 11 پڕۆژەى گرنگى بەرهەمهێنانى قارچک و 7 کارگەى بەرهەمهێنانى زەیتوونمان دامەزراندوون کە بووەتە هۆى ڕەخساندنى هەزار و 700 هەلى کار لە هەرێمی کوردستان.

لە بوارى بەرهەمهێنانى هەنگ، نزیکەی 600 هەزار پوورەى هەنگمان هەیە کە 600 هەزار تەن هەنگوین بەرهەمدەهێنن، بەمەش ساڵانە هەلى کار بۆ زیاتر لە, 9 هەزار هەنگەوان و پەروەردەکارى هەنگ ڕەخسێنراوە. ئەمە بەدەر لە تەرخانکردنى بڕى 650 ملیۆن دینار بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانى گەورەترین تاقیگەى هەنگ لە هەرێم.

سەرەڕاى قەیرانى دارایی و گۆڕانکارییە خێراکانى کەشوهەوا، لەم سێ ساڵەدا 704 هەزار نەماممان بەرهەمهێناوە و 94 مۆڵەتى باخداریمان بەخشیوە.

ئاستى وەبەرهێنان لە بوارى کشتوکاڵى بە ڕێژەی 1.8% بەرزبووەتەوە.

لە ڕابردوودا توانای بەرهەمهێنانی بنەتۆو تەنها 650 تۆن بووە کە تەنیا 750 جووتیار لێى سوودمەند بوون، بەڵام لە کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بڕى 30 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنرێت و 6 هەزار و 414 جووتیار لێى سوودمەند دەبن.

لە بوارى ئاودا یاداشتێکی لەیەکگەیشتنمان لەگەڵ گەورەکۆمپانیاى جیهانى (پاوەر چاینا) ئەنجامداوە، بە مەبەستى درووستکردنى 4 بەنداوى گرنگ و ستراتیژى، ئەوانیش: بەنداوى دەڵگە و خێوەتە و مەنداوە و باکرمان و هەرسێ بەنداوی چەمرگە و دێوانە و خنس بۆ ساڵى ئایندە تەواو دەکەین، کە تواناى گلدانەوەى ئاویان 28 ملیۆن مەتر سێجایە.

بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و کەمئاوییش، ڕەزامەندى وەرگیراوە بۆ درووستکردنى 25 پۆند لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و تەرخانکردنى نزیکەى 2 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەو و درووستکردنى 30 پڕۆژەى ئاودێرى لە هەرێمى کوردستان.

لە ڕووى سامانى ماسى و ئاوییەوە، 406 پڕۆژەى گەورەمان هەیە کە  تواناکەیان زیاتر لە 300 هەزار تۆنە لە یەک ساڵدا و پڕۆژەى هەڵهێنەرى پەنجەماسیمان هەیە، کە تواناى یەک ملیۆن تۆنە لە ساڵێکدا و لە ماوەى دامەزراندن و کارکردنى حکوسمەتى هەرێمی کوردستان 391 پڕۆژە مۆڵەتى پێدراوە. بەتەنیا لە کابینەی نۆیەم 15 پڕۆژەى تازەمان هەیە کە ئێستا لە کاردان.

بۆ پاراستنی زەویى کشتوکاڵى، هەزار 803 سکاڵا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

بۆ پاراستنی دارستان و پاوان 525 سکاڵا تۆمار کراون و هەر لەم کابینەیەشدا 575 توێژینەوەى زانستی لە بواری کشتوکاڵیدا ئەنجامدراون. 148 خولى توێژینەوە ئەنجامدراون و 2 هەزار و 862 ڕێنمایی کشتوکاڵیمان بۆ فەرمانبەران و جووتیاران دەرکردووە.

ئێستا دەستمان بە دانانى میکانیزمەکانى هەناردنى بەرهەمى پڕۆژە خۆماڵییەکان بۆ دەرەوەى وڵات کردووە و بۆ یەکەمجاریشە بەرهەمى جوچکەى دایکانەمان بۆ وڵاتى ئوردن هەناردە کردووە. لەگەڵ هەناردەکردنى چەندین بەرهەمى خۆماڵى دیکەى بۆ بازاڕەکانی دونیا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.