Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 00:31

فراکسیۆنی پارتی پەیامێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی گوندی پەرخ لە زاخۆ بڵاو کردەوە

کوردستان TV
100%

فراکیسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022 سەر گوندی پەرخ بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی کەمتەرخەمە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و سەروەری خاکەکەی.

ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە درێژەی بۆردوومانی گوند و ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە کە هەمیشە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسانی بێتاوان، ئەمڕۆ چوارشەممە هاوینەهەواری پەرخ لە زاخۆ کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق لە ناوەند و باشوورەوە ڕوویان لێ دەکرد، بۆردوومان کرا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی 23 کەسی دیکە کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.

ڕاشیگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم تاوانە قێزەوەنە دەکەین کە خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج، داواش لە حکوومەتی تورکیا دەکەین واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، ئافرەت و منداڵ و چۆڵکردنی گوندەکانیان بهێنێت بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە.

ڤیان دەخیل ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی عێراق کەمتەرخە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و سەروەری خاکەکەی کە ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونییەتی بەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە، وەکو ڕێککەوتنی شنگال و دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە کە لەلایەن زۆر وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە تیرۆریست هەژمار کراون.

فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەنراوەکە داواکاری ئاراستەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، پێویستە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ئەم تاوانانە بگرنە ئەستۆ و حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنن کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەروەری وڵات و مسۆگەرکردنی سەلامەتی خاکی عێراق لەبەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی کە لەهەر لایەنێکەوە بێت.

جێی باسە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردوومانی گوندی پەرخ لە ناحییەی دەرکاری سەر بە زاخۆ کرا، لە ئەنجامدا 9 کەس گیانی لەدەست دا و 23 کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێو قوربانییەکان منداڵیشی تێدایە و سەرجەم قوربانییەکانیش گەشتیاری عەرەب بوونە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.