Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 00:28

ڕاگەیەنراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە لەبارەی بۆردوومانکردنی گوندی پەرەخێ لە زاخۆ

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە  تۆپبارانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022 سەر گوندی پەرەخێ لە ناحییەی دەرکار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تۆپبارانکردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەکانی تورکیاوە، بە تووندی شەرمەزار دەکەین کە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ڕاشیگەیاند: لەماوەی رابردوو هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی کاراتر، ھەوڵی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.

ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێتاوان، نەبنە قوربانی .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.