نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق داوای لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکاری تۆپبارانکردنی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022ـی سەر گوندی پەرخ دەکات.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) ڕایگەیاند: بە تووندی ئیدانەی ئەو تۆپبارانە کوشندەیەی ئەمڕۆ دەکەین لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێی زانیارییەکان 9 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 23 کەسی دیکەش برینداربوون. نێردەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان ڕادەگەیەنێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
ڕاشیگەیاند: جارێکیتر خەڵکی مەدەنی دەکەونە ژێر کارگەریی تۆپبارانکردنی کوێرانە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت هێرشەکان ئاراستەی خەڵکی مەدەنی بکرێت. بۆیە یونامی داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکات بۆ دیاریکردنی بارودۆخ و هۆکاری هێرشەکە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەهەموو کاتێکدا ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق بگیرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەروەک جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە دوایین لێدوانی خۆیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: ئێمە سەیری چی دەکەین؟ ئایا تۆپبارانکردن و مووشەك وەك بارودۆخی ئاسایی نوێ دەبێت بۆ عێراق؟ ئەمە ڕێگەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکان و یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەوڵەتی عێراق زیاتر لاواز دەکات.
یونامی جەختیشی کردۆتەوە کە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن دەستبەجێ ئەم پێشێلکاریانە ڕابگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.