Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 10:41

تەندروستیی جیهانی: ئەگەر هەیە لە هەفتەكانی داهاتوودا گیان لەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە زیاد ببێت

کوردستان TV
100%

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، سەرنجی بۆ ئەوە راكیشا ژمارەی حاڵەتەكەنی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا دێت بەرزدەبێتەوە و جارێكی دیكە هۆشداریی دا كە ئەگەر هەیە لە هەفتەكانی داهاتوودا چاوەڕوانی خەواندن لە نەخۆشخانەكان و گیان لەدەستدان زیاتر ببێت.
تیدرۆس ئادناهۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، گیبریسیۆس لەمیانی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی كە لە ناوەندی رێكخراوەكە لە جنێڤ ئەنجامیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوایین دۆخی پەتای ئاوڵەی مەیمون كرد. 
تیدرۆس ئادناهۆم گیبریسیۆس جەختی لەوە كردەوە، لە ماوی شەش هەفتەی رابردوودا ژمارەی حاڵەتە نوێیەكانی تووشبوون بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە و رایگەیاند: گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەرچی هێندەی حاڵەتەكانی تووشبوون خێراش نەبێت بەڵام لە بەرزبوونەوەدایە. بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون، مانای ئەوە دەگەیەنێت كە لە هەفتەكانی داهاتوودا چاوەڕوانی خەواندن لە نەخۆشخانەكان و گیان لەدەستدان زیاتر ببێت.
گیبریسیۆس تیشكی خستە سەر ئەوەی، نازانن كام جۆری كۆرۆنایە كە لە ماوەی هەفتەكانی رابردوودا كاریگەریی خۆی نیشانداوە و گوتی: هۆكاری ئەو هەڵكشانەی كە ئێستا هەیە، ئەگەری هەیە جۆرێك بێت كە بیزانین یاخود جۆرێكی تەواو نوێ بێت.
دووپاتیشی كردەوە، لە ئەگەری سەرهەڵدانی جۆرێكی نوێی كۆرۆنادا، ئەوا لەوانەی پێشوو بەهێزتر و كاریگەرتر دەبێت و گوتی: "دەبێت سەرجەم وڵاتان ئامادەبن. ئەو وڵاتانەی كە توانایان بەرامبەر پەتاكە كەمبووەتەوە مەترسییەكی گەورەیان لەسەر دەبێت.
 بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی گوتی: تا نەخۆشخانەكان پڕ نەبوون، كاتی ئەوەیە سەرجەم وڵاتەكان بۆشاییەكانی بواری چاودێریی ڤایرۆس، بەرگریی، هێزی كار و دابینكردن پڕبكەنەوە.
تیدرۆس ئادناهۆم گیبریسیۆس ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ڤاكسینانەی كۆرۆنا كە لە بەردەستدایە هێشتا كاریگەری لە بەرامبەر نەخۆشیی قورس و مەترسیی مردن هەیە و بانگەوازی لە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە كرد كارمەندانی تەندروستی، بەساڵاچووان و ئەو گرووپانەی كە مەترسییان لەسەرە ڤاكسین وەرگرن.
گیبریسیۆس باسی لەوەش كرد، بەرزبوونەوە لە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمونیش هەیە و گوتی: نزیكەی 14 هەزار حاڵەتی تووشبوون لە زیاتر لە 70 وڵاتدا هەیە.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا پێنج كەس بەهۆی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون گیانیان لەدەستداوە و سەرجەم گیانلەدەستدانەكان لە ئەفریقا بووە.
 
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.