Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 18:27

کاردانەوەکانی تۆپبارانی ناوچەی پەرەخی زاخۆ

کوردستان TV
100%


دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا تۆپبارانی هاوینەوارێکی زاخۆییان کرد و تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەو بارەوە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی پەلامارەکەی دوێنێی پارێزگای دهۆک لە عێراق دەکات، کە بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنی. کوشتنی خەڵکی مەدەنی قبووڵکراو نییە، هەروەها وڵاتان دەبێ رێز لە پابەندییەکانیان بگرن بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، بە پاراستنی خەڵکی مەدەنیشەوە. پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی کوژراوان دەکەین و هاوسۆزیش بۆ بریندارەکان دەردەبڕین. بەردەوامین لە پشتیوانیی بەهێزمان لە سەروەری و ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: “شانشینی یەکگرتوو سەرکۆنەی زیانە گیانییەکە دەکات و بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە."
هاوکات، هەریەکە لە یونامی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمکاری عەرەبی، وڵاتی میسر، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر سەرکۆنەی ئەو تۆپبارانەیان کرد.
لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "تورکیا ئامادەی هەموو هەنگاوێکە تاوەکو راستییەکان ئاشکرا دەکرێن."
کاردانەوەکان شەقامی عێراقیشی گرتەوە، لە بەغدای پایتەختی عێراق و ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا و نووسینگەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا بەڕێوە چوو، خۆپیشاندەران داوای وەڵامی کردارییان لە حکوومەتی فیدڕاڵی دەکرد دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.