دوێنێ پێنجشه‌م تۆمارێكی تری ده‌نگی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق بڵاو كرایه‌وه، ئه‌مجاره عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كاته ئامانج.
نووری مالیكی له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا ڕه‌خنه له بێده‌نگییه‌كانی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان ده‌گرێت و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌م بێ ده‌نگییه‌ی ده‌بێته هۆی دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
مالیكی له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا هه‌روه‌ها باس له محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات و تێیدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌وڵ ده‌دات سیخوڕی له كۆبوونه‌وه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا بكات.
هه‌روه‌ها به‌شێك له شیعه‌كان به خراپ وه‌سف ده‌كات و هێرشیان ده‌كاته سه‌ر.
له تۆماره ده‌نگییه‌كانی مالیكی‌دا هه‌روه‌ها هاتووه كه ده‌ڵێت: شیعه‌كان له مه‌ترسییه‌كی جدیدان، چونكه ئێستا به‌عسییه‌كان هاتوونه‌ته‌وه نێو ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی باڵای مه‌ترسیداریان وه‌رگرتووه، حزبێكیان به‌ناوی (ته‌قه‌دوم) دروستكردووه كه محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌ركردایه‌تییان ده‌كات، ئه‌و حزبه كۆنه و پێشتر له‌لایه‌ن یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كان دروستكراوه، به‌ڵام ئه‌و مردووه و ئێستا حه‌لبووسی سه‌رۆكایه‌تی حزبه‌كه ده‌كات.
ئه‌مه تۆماری ده‌نگی ژماره شه‌شی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراقه بڵاو ده‌كرێته‌وه، له تۆماره ده‌نگییه‌كانی پێشووتردا هێرشی توندی كردبووه سه‌ر موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در و به نه‌زان و هه‌رزه‌كار و پیاوی به‌ریتانیا و ئێران وه‌سفی كردبوو، هه‌روه‌ها باسی له حه‌شدی شه‌عبی و دادگاكانی عێراق و چه‌ندان بابه‌تی تری مه‌ترسیدار كردبوو.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م تۆماره ده‌نگییانه‌ی مالیكی ده‌نگۆیه‌كی گه‌وره‌ی له شه‌قامی عێراقی و پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌هۆیه‌وه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ناچار بوو ناوبراو له به‌ربژێره‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق ده‌ربهێنێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.