Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 14:41

خالد شوانی: زیاتر لە 25 سەردانی فەرمیمان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەنجام داوە

کوردستان TV
100%

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕال ئاشكرای كرد كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمدا زیاتر لە 25 سەردانی فەرمییان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەنجام داوە.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خالد شوانی وەزیری هەرێم بۆ بۆ كاروباری دانووستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕال لە گوتەیەکدا باسی لە گرنگترین کارەکانی دەکات و ئەمەش دەقی گوتارەکەیەتی:

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بوو و ئەم بابەتە پێویستی بەوە بوو کە بە دامەزراوەیی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن جەنابی سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راسپێردراین بەوەی مەلەفی دانوستاندن لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بگریینە ئەستۆ بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە و ئەو مافە دەستووراییانەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا چەندین ساڵە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

بۆ ئەو بابەتە و بۆ ئەوەی مەلەفی دانووستان ببێتە مەلەفێکی دامەزراوەیی و لەسەری بینا بکەین و بابەتەکان هەر کەسی نەبن و بەڵکو بە کۆتاییهاتنی ئەم کابینەیەش کابینەیەکی تر کە دەست بەکار بێت و بێتە سەر ئەم دۆسیەیە بە ئامادەکراوی لە کۆێ کۆتایی هاتووە لەوێدا دەست پێ بکاتەوە. ئێمە بۆ رێکخستنەوەی کارەکانمان کۆمەڵێک هەنگاومان ناوە و کۆمەڵێك رێوشوێنمان گرتووەتە بەر.

یەکەم لە رووی سیاسییەوە هەوڵمانداوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە ئاراستەی ئاسایی کردنەوە و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان بڕوات. هەم چارەسەرکردنی کێشەکان و هەم لەوێ بتوانین کێشەڕەواکانی خۆمان بە ناوەندی بڕیاری سیاسی بە حکوومەت و بە هێزە سیاسییەکانی عێراق بگەیێنین. هەم لەڕووی رای گشتی عەرەبی و شەقامی عێراقیشەوە ئێمە بتوانین پەیام و مافەکانی خۆمان بگەیێنینە شەقامی عێراقی. بۆ ئەم مەبەستە کارەکانمان دابەشکردووە بەسەر چەند مەلەفێک و چەند رەگەزێکدا.

یەکەم مەلەف مەلەفی دارایی و مەلەفی ئیستحقاقاتی مالی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە. بۆ ئەم بابەتە ئەم مەلەفە کۆمەڵێک میحوەر لەخۆی دەگرێت، یەکێکیان بابەتی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجە بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکە کێشەی گەورەی تێکەوتووە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موعاناتی زۆریان هەبوو، بۆ ئەم بابەتە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە کێشەیەکە کە هاوکات ڕەهەندی ئابووریشی هەیە و پەیوەستە بە هەندێک مەلەفاتی تر وەکو مەلەفی نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە کاری دانووستاندن بێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق و هێزە سیاسییەکانی عێراق، بۆ گەیشتن بە سیغەیەکی تەوافوقی لەنێوان هەردوولادا کە هەم لە خزمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابێت و هەم لەگەڵ بنەما دەستوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵی و دەوڵەتی فیدراڵیشدا بگونجێت. ئەوە بوو کە زیاتر لە 20 بۆ 25 سەردانی فەرمی ئەم شاندە بۆ بەغدا کۆبوونه‌وه‌ لەگەڵ حکوومەت دا و لەگەڵ پەرلەمان و لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا توانرا بە دەرەنجام لەناو یاسای بودجەدا ماددەی 10 و مادەی 11 لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا جێگیر بکرێت، کە لەم یاسایەدا ئیستیحقاقاتی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانیش دیاری کراوە.

ئەم ئیستیحقاقاتانەی کە لەوێ دیاری کراوە ئەگەر بهاتایە حکوومەتی فیدراڵی وەکو خۆی جێبەجێی بکردایە و لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبوونەکانی خۆی کە دواتر لە تیمەکانی چاودێری دارایی هاوبەشدا کە رەنگی دایەوە و دەستیان بە وردبینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، دەکرا ئێمە هەنگاوی باشتر بنێین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو برگانەی یاساکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، توانیمان لە هەنگاوی دووەمدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، وەکو سلفەیەک تاوەکو ئەو کاتەی کە ماددەی 10 و مادەی 11 لە یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت.

ئەگەرچی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە و گفتوگۆ لەبارەی مەلەفی دارایی بەردەوامە و دانووستاندن نەگەشتووەتە بنبەست.

بۆ بابەتی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان وهەم بۆ ئەو قەزیانەی کە ئێستا رووبەڕووی ئەو ناوچانە دەبنەوە بەتایبەتی کێشەی جوتیاران و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچانە کە رووبەڕووی پرۆسەیەکی بەعەرەبکردن دەکرێتەوە، لە باڵاترین ئاستدا لە هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە پرۆسەی بەعەرەبکردن، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە 4 بۆ 5 جار شاندی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی بەندە سەردانی بەغدامان کردووە.

ئێمە گرنگییەکەی زۆر بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەدەین لەبەر ئەوە پێمانوایە چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترین شوێن بۆ چاەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەمان بووە حکوومەتی فیدراڵی و بەغدایە لەچوارچێوەی دەستوور و لەچوارچێوەی بنەما دەستووری و یاساییەکان ئێمە ئەم کێشانەمان چارەسەر بکەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.