Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 14:35

مژدەیەک لە پارێزگاری هەولێرەوە سەبارەت بە کێشەی شکانی بۆری ئیفراز 3

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ هەینی 22ـی 07ـی 2022 سەبارەت بە کێشەی شکانی بۆری ئیفراز 3 مژدە بە هاووڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بووجەیەک داوە و فەرمانی پێکردووین بەپەلە چارەسەری ئەم گرفتە بکرێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەبارەت بە شکانى بۆڕى ئاوى ئیفرازسێ کە ماوە ماوە دەشکێ و دەبێتە هۆى ئەوەى لە 40% گەڕەکەکانى شارى هەولێر بێ ئاوبێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵى 2004ـەوە لە زێى گەورە بۆ ناو شارى هەولێر لەلایەن ئەمریکاوە دەستیپێکراوە و تەواوى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش لەئەستۆى ئەوان دابووە، تەنانەت هەڵبژاردنى جۆرى بۆڕى ئاوەکەش هەر لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشانکراوە کە لەجۆرى (GRP)یە واتە فاپیبەرگڵاس.

ڕاشیگەیاند: ئەم جۆرە بۆڕییە ماوەیەکى دیاریکراوى هەیە بۆ کارکردن و لەدواى بەسەرچوونى ماوەکەى بەرگەگرتنى نامێنێت و بەبچووکترین بەرکەوتن دووچارى شکان دەبێت، پڕۆژەى ئاوى ئیفرازسێ کە لەساڵى 2006 بەبێ وەستان تاوەکو ئەمرۆ کار دەکات دواى ئەم هەموو ساڵە کارکردنى، هۆکارى سەرەکى شکانى یەک لەدواى یەکى بۆڕییەکەى، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی شکانی ئیفراز 3 مژدەیەکیشی دا بە هاووڵاتییان و ئاشکرای کرد کە "دواى دواکاریمان لەسەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گۆڕنى بۆڕیی ئاوى ئیفراز سێ کە درێژییەکەى (11) کیلۆمەترە و بوودجەى پێویست بۆى زیاتر لە (20) ملیار دینارى عێراقیە، بە سوپاسەوە لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ گۆڕینى بۆرییەکە."

ئاماژەی بەوەش دا کە "لەم ڕۆژانەش سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆخۆى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە و فەرمانى پێکردووین بەپەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆڕییەکە،  لە هەفتەى ڕابردووش لەپارێزگاى هەولێر بۆ بەدواچوون و بەپەلە چارەسەرکردنى کێشەى شکانى بۆڕی ئاوى ئیفرازسێ لیژنەیەکى تایبەتمان پێکهێناوە، ئێستاش وەک قۆناغى یەکەم ئەو شوێنەى کە لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى پاڵەپەستۆى زۆرى وێستگەکان بۆتە هۆى شکانى بۆڕییەکە بۆ چەند جارێک لەسەر یەک، بەگوژمەى (5) ملیار دینار لەم نزیکانە دەست دەکرێت بە گۆڕینى بۆڕییەکە کە چارەسەرى لە 85%ى کێشەکان لەو شوێنەدایە."

پارێزگاری هەولێر دڵنیاییشی داوەتە هاووڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی ئەم گرفتە و جەختی کردۆتەوە کە "دڵنیایی هاووڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەکەینەوە، وەکو پارێزگاى هەولێر لەپێناو نەهێڵان و چارەسەرکردنى یەکجارەکى ئەم کێشەیە، هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ و پاڵپشتى و پشتیوانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمان لەمبارەیەوە هەیە، بۆیە جارێکى تر تکا و داواکاریمان لە هاووڵاتییانى شارەکەمان هەیە سەڕەراى ئەو گرفتە تەکنیکیانەى کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو هاوینى ئەمساڵ لەدۆخێکى سەختى وشکەساڵى داین، بۆیە هاوکاربوونى ئێوە لەبەفیڕۆنەدان و کەمخەرجکردنى ئاو، هۆکارێکى سەرەکى دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە سەختە و چارەسەریەکان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.