Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 14:26

ئایدن مەعروف: حکوومەتی هەرێم هۆکاری سەرەکی دروستبوون و بەردەوامی پێکەوەژیانە

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان، لە گوتەیەکدا گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە ئەمەش دەقی وتارەکەیەتی:

لە ماوەی کارکردنمان بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد

هەرێمى کوردستان لە چەند پێکهاتەیەکى نەتەوەیى و ئایینى پێک دێت، پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان وای کردووە ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە. جێگەی دەستخۆشی و شانازییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هۆکاری سەرەکییە لە دروستبوون و بەردەوامی ئەم پێکەوەژیانە، ئەمەش وا دەکات سەقامگیرى سیاسی و ئاشتى کۆمەڵایەتى ڕەنگ بداتەوە لە نێو کۆمەڵگە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونمان وەک وەزیری هەرێم بۆ "کاروباری پێکهاتەکان"، لە ماوەى ئەم سێ ساڵ کارکردنماندا سەردانى مەیدانى شوێنە ئایینى و کلتورییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کراوە، بەشێکى زۆرى سەردانەکان بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان پێکهاتەکان و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و گوێگرتن لە داواکارییەکانیانى هاوڵاتیانى سەر بە پێکهاتە جیاوازەکان بووە .

لەم سێ ساڵەدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان و کلدان و سریانى ئاشورى) و پێکهاتە ئاینیەکانى (مەسیحى ، ئێزیدى، کاکەیى، صابیئەى مەندائى، شەبەک، فەیلى، زەردەشتى) کردووە ، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان.

بەشدارى چەندین کۆڕبەندى ئابوورى وکۆنفراسى نێودەوڵەتیمان کرد لە وڵاتى تورکیا و ستراتیژى هەرێمى کوردستان بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانەى پێکهاتەکانى تیایاندا ڕوون کراوەتەوە، ئەمە سەرەراى ئەنجامدانى چەندین دیدارى میدیاى و کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەڕهێنەرو سەرمایەدار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانى بیانى بۆ هاندانى زیاتریان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان .

لە ماوەى ئەم سێ ساڵەدا کۆبوونەمان لەگەڵ بەشى هەرە زۆرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و چالاکوانانى سەر بە پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام دا.

لەسەر ئاستى پەروەردەو فێرکردن، کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى و بەڕێوەبەران و مامۆستایانى خوێندنى هەردوو بەشى زمانى تورکى و سریانى لەسەر ئاستى ئەکادیمى کردووە.

بە مەبەستى هۆشیارکردنەوەى سەرجەم تاکەکانى پێکهاتەکان، زنجیرە  پانێلێکمان لە ژێر ناونیشانى (شیکردنەوەى یاساى ژمارە 5ـی ساڵى 2015ـی یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان) بۆ نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان و بە مەبەستى زیاتر ئاشنابوون بە ماددە و برگەکانى یاساکە، ئەنجام داوە.

زنجیرە  پانێلێکمان لە ژێر ناونیشانى (ڕۆڵى پێکهاتەکان لە نووسینەوەى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان) بۆ نوێنەرانى بەشێک لە پێکهاتەى (تورکمان و کلدانى سریانى ئاشوور) ساز کرد.

چەندین سمینارى پەروەردەییمان بۆ پێکهاتەى تورکمان و کلدانى سریانى ئاشوورى ئەنجام دا و بەردەوام بەشداریمان لە یاد و  مەراسییمەکانى ساڵیادى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى تورکمان و کلدانى  وسریانى و ئاشوورى  و هەروەها مەراسیمى کردنەوى ماڵى کەڵتورى تورکمانى لە قەڵاى هەولێر کرد.

ڕاپۆرتى تایبەتمان بە ڕەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە بەڕێز سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە و زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان هەر لەمبارەوە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجام داوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.