کەمێک پێش ئێستا بە مووشەک سەربازگەی زێلکان لە ناحییەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا بۆردوومان کرا.
محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحییەی باشیک بۆ (کوردستان تیڤی) پشتڕاستی کردەوە و ڕایگەیاند: ئەمشەو هەینی 22ـی 07ـی 2022 مووشەک ئاراستەی سەربازگەی زێلکانی سوپای تورکیا کرا و لە نزیک سەربازگەکە کەوتۆتە خوارەوە.
ڕاشیگەیاند: هێرشەکە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتۆتەوە، تەنیا مەترسی خستووەتە سەر ڕەوشی ئەمنی ناوچەکە.
هاوکات هەر لەمبارەیەوە بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی، بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی گرتەئەستۆ و لە ڕاگەیەنراوێک ئاماژەی بەوە دا کە "بۆ تۆڵەی شەهیدانمان لە پارێزگای دهۆک کە بە مووشەکی تورکی لێیان درا، مووشەکی 122 ملم گرادـمان ئاراستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە زێلکان کرد، ئەمەش تەنیا سەرەتایەکە."
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022 ھاوینەھەواری پەرەخ لە سنووری زاخۆ تۆپباران کرا و بەھۆیەوە 9 کەس گیانی لەدەست دا و 23 کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان گەشتیاری عەرەبن، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی ھێنا و تورکیا تۆمەتبار کرا بە ئەنجامدانی ھێرشەکە، لەبەرامبەردا تورکیا تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.