بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ ڕكابه‌ریه‌كانی وه‌رزی داهاتوو، یانه‌ی پاریس سانجێرمان كه‌مپێكی مه‌شق و ئاماده‌كاری له ژاپۆن به‌سه‌رپه‌رشتی كریستۆف گالتێری ڕاهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی سازكردووه كه به‌م دواییه شوێنی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی ئه‌رژه‌نتینی گرته‌وه.
له‌م كه‌مپه‌دا، تیپه پاریسیه‌كه ئه‌مرۆ له یاریه‌كی دۆستانه‌دا ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی ئۆڕا ڕێد دیامۆندزی ژاپۆنی ده‌بێته‌وه كه ئه‌مه‌ش سێیه‌م یاری دۆستانه‌ی پیی ئێس جیه له‌م هاوینه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م یاری دۆستانه‌یدا، به دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له یانه‌ی كوێڤیلی فه‌ڕه‌نسی برده‌وه‌و له دووه‌م یاریش به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به گۆڵێك سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی كاواساكی فرۆنتاڵی ژاپۆنی تۆماركرد.
هه‌ر له‌م كه‌مپه‌دا، دووشه‌ممه‌ی داهاتوو تیپه‌كه‌ی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا یاریه‌كی دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری دیكه له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی گامبا ئۆساكای ژاپۆنی ئه‌نجامده‌دات، دواتر له یه‌كه‌م یاری فه‌رمی خۆی له وه‌رزی نوێ و له سیی و یه‌كی ئه‌م مانگه‌و له جامی سوپه‌ری فه‌ڕه‌نسا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی نانت ده‌بێته‌وه .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.