مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 23ـی 07ـی 2022 لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خەمیس ئەلخەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاووتوێ کران. جەخت لە پێویستیی و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەت ھەیە بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان و لە نێویاندا، کێشەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت و گاز لە ڕێگەی تەشریعکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە لە بەرژەوەندی ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان و ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.