له رۆژانی 20-30 یۆلیۆ له كۆشكی هونه‌ره‌كان له قاهیره، و له ژێر چاودێری ئیناس عه‌بدلدایم وه‌زیری رۆشنبیری، د. خالد سرور سه‌رۆكی كه‌رتی هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كان، و سه‌بری سه‌عید سه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه رۆشنبیرییه‌كانی ده‌ره‌وه، و هونه‌رمه‌ند مسته‌فا ئه‌لشێخ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كاریكاتێری میسری، حه‌وته‌مین دیداری نێوده‌وڵه‌تیان بۆ كاریكاتێر كرده‌وه، كه ئه‌و سێ كه‌رتانه سه‌رپه‌رشتی رێكخستن و كردنه‌وه‌یان كردبوو، چه‌ندین باڵیۆزی وڵاتانیش له‌كردنه‌وه‌ی دیداره‌كه ئاماده‌بوون، له‌وانه‌ش فرانسوا كۆرنێ باڵیۆزی به‌لجیكا، ئێدوارد فراگۆسر باڵیۆزی مه‌كسیك و چه‌ندینی تر، هه‌روا هونه‌رمه‌ندانی ناسراوی كاریكاتێر له میسر و جه‌ماوه‌رێكی زۆر له هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار و كاریكاتێریست و رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران و ئاره‌زوومه‌ندان و هه‌وادارانی كاریكاتێر ئاماده‌بوون.
هه‌ندرێن خۆشناوی شێوه‌كار و كاریكاتێریستی كورد، هه‌روه‌كو نه‌ریتی به‌رده‌وامی، كه چالاكانه له‌م جۆره بۆنه هونه‌رییه نێوده‌وڵه‌تیانه‌دا به‌شداری ده‌كات، یه‌كێك له به‌شداربووانی ئه‌م دیداره نێوده‌وڵه‌تیه هونه‌رمه‌ندی كورد (هه‌ندرێن خۆشناو) بوو، هه‌ندرێن خۆشناو، كاریكاتێریستێكی پێشه‌نگ و ناسراوه، و جێ په‌نجه‌ی دیاره له‌م بواره‌دا، و خاوه‌ن ستایلێكی جیاواز و به‌رچاوه، جێی خۆی له رووبه‌ری جیهانی ئه‌م هونه‌ره‌دا كردۆته‌وه، سه‌باره‌ت به‌م چالاكییه نوێیه بۆمان دوا و گوتی: ساڵانێكی زۆره له پێشانگا هاوبه‌ش و فێستیڤاڵ و دیداره نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی كاریكاتێر و كارتۆن له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا به‌شداری ده‌كه‌م، ئه‌مه زیاتر له سه‌د به‌شدارییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانمه، به تایبه‌تی له وڵاتی میسر كه ساڵانه چه‌ندین بۆنه‌ی له‌م شێوه‌یه‌دا له‌وێ رێكده‌خرێت، سه‌باره‌ت به‌م دیداره‌ش ئه‌مه حه‌وته‌مین دیداری ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كاریكاتێری میسرییه، كه بڕیاربوو ساڵی 2020 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌به‌ر كۆرۆنا دواخرا، و ئه‌مساڵ ئه‌نجامدرا.
(هه‌ندرێن خۆشناو) زیاتر له‌م باره‌یه‌وه گوتی: لێژنه‌ی دادوه‌ر و بژارده‌كردنی كاره‌كانیش له پێنج هونه‌رمه‌ندی میسری پێكهاتبوون، كه (فاروق مورسی، محه‌مه‌د ئیبراهیم، ئه‌حمه‌د عولوی، سه‌میر عه‌بدولغه‌نی و كۆمیسار فه‌وزی مورسی) بوون، له ئه‌نجامدا (400) كاریكاتێر و كارتۆنی (297) هونه‌رمه‌ند له (62) وڵاتانی جیهانه‌وه بژارده‌كران و له دیداره‌كه نمایشكران.
دیداره‌كه‌ش له دوو ته‌وه‌ر پێكهاتبوو، ته‌وه‌ری كاریكاتێر، ته‌رخان كرابوو بۆ خانمه گۆرانیبێژی ناسراوی عه‌ره‌بی (ئوم كه‌لسوم)، ته‌وه‌ری دوومیش كارتۆن، كه ته‌رخان كرابوو بۆ موزیك، كه زمانێكی هاوبه‌شی گه‌لانی جیهانه.
من له ته‌وه‌ری كاریكاتێری (ئوم كه‌لسوم)دا به‌شداربووم، كه ته‌نیا (130) كاریكاتێری (126) هونه‌رمه‌ند قبوڵكران بۆ پێشانگاكه.
سه‌باره‌ت به چالاكی دووه‌میش هه‌ندرێن خۆشناو گوتی: هه‌روا له یه‌كه‌مین دیداری نێوده‌وڵه‌تی كاریكاتێریی ئه‌لئه‌زهه‌ر به‌شداربووم، كه له رۆژانی 24- 28 یۆلیۆ له هۆڵی (فوستات) له سه‌نته‌ری ئه‌لئه‌زهه‌ر بۆ كۆنگره‌كان، له شاری (نه‌سڕ) له قاهیره كرایه‌وه، كه به‌سه‌رپه‌رشتی زانكۆی ئه‌لئه‌زهه‌ر بوو، ئه‌مه یه‌كه‌مین دیداریی كاریكاتێرییه كه ئه‌م زانكۆ جیهانییه ده‌یكاته‌وه، دیاره به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م زانكۆیه‌ش هه‌ستیان به گرنگی و كاریگه‌ریی هونه‌ری كاریكاتێر كردووه، له به‌یه‌كگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لان له یه‌كتری، ته‌وه‌ری دیداره‌كه‌ش بریتی بوو، له ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و قبوڵكردنی یه‌كتری و ئایینه ئاسمانیه‌كان.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.