هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر سووکایەتیکردن بە پێشمەرگەیەکی کوردی کاکەیی هاتنە دەنگ و ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا سەرکۆنەی دەکەن و جەختیشیان کردۆتەوە کە نابێ ئەم کردەوە بەبێ سزا تێپەڕێت.
لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە سووکایەتیکردن و هەڵکوتانە سەر پێشمەرگەیەکی کوردی کاکەیی بەناوی (ئەیمەن عەبدی جاسم) لە ئامرلی سەر بە قەزای دوزخورماتوو هاتووە " لە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و ڕوونی دەستوور، بێڕێزیکردنە بە مافەکانی مرۆڤی عێراقی، سووکایەتیکردنی بە ئەنقەست بە بیروباوەڕی کوردە کاکەییەکان، سەرپێچییەکی ئاشکرای ئازادی و مافەکانیانە کە لە دەستووردا هاتووە، هەروەها پێشێلکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە."
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بە تووندی سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین و پێویستە ئەم سووکایەتییە بەبێ سزا تێنەپەڕێت و ڕێگری لەو توخمانە بکرێت.
داواش دەکەن کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لێکۆڵینەوەی خێرا و بەپەلە لەم ڕووداوە شەرمەزارە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت و بەتووندترین شێوە سزا بدرێن، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کردەوە شەرمەزار و بێڕێزانە بەرامبەر بە کەرامەت و بیروباوەڕی هاووڵاتی کوردی پێشمەرگە دووبارە نەبێتەوە کە هەمووان ڕۆڵی قارەمانانەیان لە ڕێگەگرتن لە کەوتنی شاری کەرکووک و بەختکردنی ژیان و خوێنی خۆیان بۆ شارەکە دەزانن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.