Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 00:39

کاکەییەکان بڕیاری کۆتاییان دا و هەڵوێست وەردەگرن

کوردستان TV
100%

کەسایەتییە دیارەکانی کاکەییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی 07ـی 2022 کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا لەسەر سووکایەتیکردن بە پێشمەرگەیەکی کاکەیی لەلایەن چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی، لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا ماوەی هەفتەیەک مۆڵەت بدرێت بە دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسەی سووکایەتی بە گەنجێکی کوردی کاکەیی کردووە، جەختیشیان کردەوە کە لە ئەگەری دەستگیرنەکردنی هەڵوێست وەردەگرن.

مەسعوود کاکەیی یەکێک لە کەسایەتی دیاریی کاکەیی لە ڕاستەوخۆی (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان کە کەسایەتییە دیارەکانی کاکەییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون بڕیار درا کە بۆ ماوەی هەفتەیەک چاوەڕێی ئەو ڕێکارە یاساییانە بکەین کە گرتوومانەتەبەر، بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە.

ڕاشیگەیاند: لە ئەگەری ئەوەی کە ڕێکارە یاساییەکان نەگیرێتەبەر هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و خۆپیشاندان و ڕێگەی دیکە دەگرینەبەر.

جەختیشی کردەوە کە "دەزانین کێ بڕیارەکەی دەرکردووە و کێ کردەوەکەشی ئەنجام داوە."

هاوکات ئەحمەد خورشید بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەگەڵ کاکەییەکان بوو، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم کردەوەیە تەنیا بێڕێزی نییە بە کاکەییەکان بەڵکوو بێڕێزییە بە کورد و هەموو پیرۆزییەکانی کورد.

جەختیشی کردەوە کە "کاکەییەکان تەنیا نین و لەگەڵیانین، ئەگەر خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر نەبووایە، ئەو کردەوەیە ڕووی نەدەدا."

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 3ـی پارتی ئاماژەی بەوەش دا کە لە سیاسەتی پارتی و ڕێبازی بارزانی هەمیشە پارێزگاریکردن بووە لە کەمەنەتەوەییەکان و کەمەئایینەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.