به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ده‌ستگیركردنی سێ تۆمه‌تباریان ڕاگه‌یاند كه بۆڕی ڕاكێشانی ئاوی سه‌ره‌كی تاسڵووجه - سلێمانیان دزی بوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ڕایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی له نووسینگه‌ی ڕاپه‌ڕینی به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان، سكاڵای یاسایی تۆمار كرا كه ژماره‌یه‌كی زۆر بۆڕی ڕاكێشانی ئاوی سه‌ره‌كی تاسڵووجه - سلێمانی دزراوه، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ست پێ كرد.
ڕاشیگه‌یاند: دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وت كه تۆمه‌تباره‌كان بۆڕییه‌كانیان بردۆته شاری هه‌ولێر كه نرخه‌كه‌ی 80 هه‌زار دۆلاره (8 ده‌فته‌ر)ه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوای وه‌رگرتنی بڕیاری دادوه‌ر، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانرا سێ تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی نووسینگه‌ی ڕاپه‌ڕینی به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه ده‌ستگیر بكرێن، هه‌روه‌ها به هاوكاری پۆلیسی هه‌ولێر توانرا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بۆڕییه‌كان و بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ شاری سلێمانی.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: هه‌رسێ تۆمه‌تبار (ن. م. م.) له‌دایكبووی 1994، (ز. م. م.) له‌دایكبووی 1995، (پ. ع. ر.) له‌دایكبووی 1991، له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه دانیان به تاوانه‌كه‌یان ناوه و ئێستا به بڕیاری دادوه‌ر ڕاگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.