لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی بەهاما کە کۆچبەرانی هایتی هەڵگرتبوو، 17 کەس گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی ناوچەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بەلەمەکە لە دووری11 کیلۆمەتر لە دوورگەی نیو پرۆڤیدنس وەرگەڕاوە کە پێشبینی دەکرێت 60 کۆچبەری هەڵگرتبێت و بەمەبەستی گەیشتن بە ئەمریکا چووبێتە دەریاوە.
بەرپرسانی ناوچەکە باسیان لەوە کرد لەو رووداوەدا،17 کەس کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بووە گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش رزگارکراون.
پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنی بێسەروشوێنانی ئەو رووداوە درێژەی هەیە.
سەرۆکوەزیرانی بەهاما، فلیپ دەیڤس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە هەوڵدراوە کۆچبەرەکان بە بەلەمی خێرا بگەیەندرێنە شاری میامی ئەمریکا، ئەوە لە کاتێکدا دەریا زۆر شەپۆلاوی بووە.
دادگاکانی بەهاما، دەستگیرکردنی دوو کەسیان راگەیاند کە گومان دەکرێت هاریکار بووبن لە گواستنەوەی کۆچبەراندا.
دانیشتوانی هایتی کە لە دەست توندوتیژی و نەبوونی، هەوڵی هەڵاتن دەدەن لە وڵاتەکەیان، سێ بۆ هەشت هەزار دۆلار دەدەن بە قاچاغچییەکان تا بیانگوازنەوە بۆ ئەمریکا.
بەهاما، یەکێکە لەو خاڵانەی کە هایتییەکان زۆر بەکاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەمریکا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.