له دوایین یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری له‌میانی كه‌مپێكی ڕاهێنان كه له وڵاتی ژاپۆن سازی كردووه، یانه‌ی پاریس سانجێرمان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناو به شه‌ش گۆڵ به‌رامبه‌ر به دوو گۆڵ له یانه‌ی گامبا ئۆساكای ژاپۆنی میوانداری برده‌وه.
یاریزانانی پاریس سانجێرمان به شێوه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ستیان به ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه كرد‌و له خوله‌كی بیستوهه‌شتدا، پابلۆ سارابیای ئیسپانی گۆڵێكی بۆ تیپه پاریسیه‌كه تۆماركرد، پاشان نێیمار داسیلڤای به‌ڕازیلی گۆڵی دووه‌می پاریس سانجێرمانی به لێدانی سزا له خوله‌كی سیی و دوو به‌ده‌ستهێنا.
دوای خوله‌كێكی دیكه‌ش، یاریزان كیسوكی كوروكاوا گۆڵێكی بۆ گامبا ئۆساكا تۆماركرد، له خوله‌كی سیی و حه‌وتیش، نونۆ مێندێسی پۆرتوگالی پاریسیه‌كانی كرده خاوه‌نی گۆڵی سێیه‌م، به دوای ئه‌ویش ئه‌ستێره‌ی ئه‌رژه‌نتینی لیۆنێل مێسی گۆڵی چواره‌می پاریس سانجێرمانی له خوله‌كی سیی و نۆ به‌ده‌ستهێناو گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه ته‌واوبوو، له گێمی دووه‌م و له خوله‌كی شه‌ستدا، نێیمار داسیلڤا گۆڵی دووه‌می خۆی و پێنجه‌می تیپه‌كه‌ی تۆماركرد، له‌و لاشه‌وه یاریزان هیرۆتۆ یامامی گۆڵی دووه‌می گامبا ئۆساكای له خوله‌كی حه‌فتا به‌ده‌ستهێناو جیاوازی گۆڵه‌كانی كه‌مكرده‌وه.
له خوله‌كی هه‌شتاوشه‌شیش، كلیان مباپێی فه‌ڕه‌نسی و ئه‌ستێره‌ی لاوی پیی ئێس جی گۆڵی شه‌شه‌می تیپه‌كه‌ی به لێدانی سزا تۆماركرد‌و كۆتایی به كه‌رنه‌ڤالی گۆڵه‌كانی یاریه‌كه هێنا، ئه‌م یاریه دوایین یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری پاریس سانجێرمان بوو له‌م هاوینه‌داو له سیی و یه‌كی ئه‌م مانگه‌ش تیپه پاریسیه‌كه له یاری جامی سوپه‌ری فه‌ڕه‌نسا ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی نانت ده‌بێته‌وه.
له‌یارییه‌كی دۆستانه‌دا پاریس سانجێرمان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر گامبا ئۆساكای ژاپۆن تۆماركرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.