ئه‌مڕۆ سێشه‌م لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییه‌كانی سیاسیی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام دا به مه‌به‌ستی دانانی میكانیزمێكی شایسته بۆ پێشوازیكردن له ڕووفاتی بارزانییه‌كان.
په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: به مه‌به‌ستی دانانی میكانیزمێكی گونجاو و شایسته بۆ چۆنیەتی ئاماده‌كاریكردن بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەك ڕووفات و ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەكان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم لێژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی بە سەرپەرشتی سه‌وسه‌ن محەمەد میرخان سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ڕێژەی یاسایی ئەندامان و ڕاوێژكارانى لێژنه‌كه، كۆبووه‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان ده‌ستی پێ كرد، دواتر گفتوگۆ له‌سه‌ر دانانی میكانیزمێكی گونجاو و شایسته بۆ چۆنیه‌تی خۆئاماده‌كردن بۆ پێشوازیكردن لە (100) ڕووفاتی بارزانییەكان كرا، هه‌روه‌ها ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه لێژنەی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییه‌كانی سیاسیی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری دا پێشوازییەكی شایستە بۆ ڕووفاتەكان بكات و بە گرینگیشی زانی ساڵیادەكە بەشكۆیەكی گەورەوه بەرز ڕابگرێت.
بڕیاره ڕۆژی شه‌مووی داهاتوو ڕێكه‌وتی 30ی ئه‌م مانگه له ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا ڕووفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانی له باشووری عێراق بگه‌ڕێنرێته‌وه هه‌رێمی كوردستان و دواتریش له زێدی خۆیان له ده‌ڤه‌ری بارزان به خاك بسپێردرێن.
جێی باسه ڕژێمی به‌عس له درێژه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفالكردنی گه‌لی كوردستاندا به‌تایبه‌تیش له ساڵی 1983 له هه‌ڵمه‌تێكدا به هه‌زاران هاووڵاتی كوردی ده‌ڤه‌ری بارزانی ئه‌نفال كرد و له‌و ژماره‌یه‌ش تا ئێستا 500 ڕووفاتی بارزانییه‌كان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.