Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 10:32

فوئاد حوسێن : داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەكەین لە دەركردنی سوپای توركیا و پەكەكە یارمەتی عێراق بدەن

کوردستان TV
100%

فوئاد حسێن ، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دەستدرێژیكردنە سەر پارێزگای دهۆك رایگەیاند: رۆژی چوارشەممە 20ی تەمموزی 2022، كاتژمێر 13:50، سوپای توركیا دەستدرێژی كردە سەر خاك و سەروەری عێراق و گیانی هاووڵاتییانی لە هاوینە هەواری پەرەخ لە پارێزگای دهۆك كە بووە هۆی كوژرانی 9 هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی 33 هاووڵاتی دیكە، لەگەڵ زیانگەیاندن بە دامەزراوە مەدەنییەكان و زیانی ماددی، دواتر ئێمە بە نووسراو ئەنجومەنی ئاسایشمان لە رووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە. 
هەروەها گوتی: عێراق بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە ئاشكرایە دەكات كە لەلایەن سوپای توركیاوە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان و موڵكی مەدەنی ئەنجامدراوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق  گوتیشی: دوابەدوای هێرشەكە ، لیژنەیەكی نیشتمانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە سەركردایەتی ئێمە پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەم هێرشە، كە بەڵگەكانیان لە شوێنی هێرشەكە كۆكردەوە، لەنێویاندا پارچەی موشەكی تۆپی قورسی 155 ملم كە لەلایەن توركەكانەوە لە ناوچەی دەوروبەری هاوینەهەوارەكە بەكاردەهێنران .ئەم دەستدرێژییە بەڵگەی بەرجەستەیە لەبەردەم ئەنجومەنەكەدا كە توركیا بەردەوامە لە پشتگوێخستنی داواكارییەكانی عێراق بۆ ڕاگرتنی پێشێلكارییە سەربازییە بەردەوامەكانی بۆ سەروەری عێراق.
 هەروەها فوئاد حسێن حسێن ، وەزیری دەرەوەی عێراق، داواكارییەكانی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش خستە روو كە بەم شێوەیە ..
1. دەركردنی بڕیارێك كە توركیا پابەند دەكات بە كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە تەواوی خاكی عێراق، بەو پێیەی بوونی ئەو هێزانە نایاساییە و لەسەر داوای حكومەتی عێراق نەبووە، هەروەها هیچ رێككەوتنێكی سەربازی و ئەمنی و رێككەوتنێك لەو بارەیەوە نییە، و كە بوونیان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و دروستكردنی دۆخێكی سەقامگیری نائەمنی.
2- ئیدانەكردنی توندی ئەم دەستدرێژییە و كاركردن بۆ دەستەبەركردنی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم كردەوە قێزەونە كە خەڵكی مەدەنی كردە ئامانج، وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها تیمێكی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەم كردارە شەڕانگێزییە پێكبهێندرێت .
3- داوا دەكەین بڕگەی تایبەت بە دۆخی نێوان عێراق و توركیا بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دووبارەی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر زەوی و ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی چەند ساڵێك، كە بووەتە هۆی زیانی گیانی لە نێو عێراقییە بێ بەرگرییەكان.
4- پابەندكردنی حكومەتی توركیا بە پێدانی قەرەبووی ئەو زیانانەی كە بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەك كەوتوون،و لە ئەنجامدا وەستانی چالاكییە ئابووری و گەشتیارییەكان لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەی تۆپخانەكانی توركیا.
هەروەها فوئاد حوسێن ئامادەیی تەواوی عێراقی بۆ كاركردن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكەی پەیوەندیدار بەمەبەستی دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە خاكی عێراق دووپات كردەوە، لەبەر ئەوەی بوونی ئەو هێزە چەكدارییە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری .

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.