سێ کەس لە مامۆستایان و چاڵاكوانی پیشەیی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، ئەسعەد عەلەوی و کوروش بابامورادی ڕۆژی سێشەممە 26 ى 7 ى 2022، لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركران.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە دوای بانگهێشتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت درێژەی دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە و چەندین داواکاری دیکەی مامۆستایانی بەڕێوە چوو.
هەنگاو زانیویەتی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەکە و بێ ڕێزیان بە مامۆستایان کردووە.
چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە ڕۆژی چوارشەممە15ى 7 ى 2022، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیركراون.
ئەم چوار مامۆستایە ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.