Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 10:18

هەڵوێستی ئەمریكا سەبارەت بە داواكاری عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا ڕووندەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

نێد پرایس ،وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی داواكاریی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ دەركردنی بڕیارنامەیەك سەبارەت بە دوورخستنەوەی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لێدوانی دا.
لە وەڵامی پرسیارێكی ماڵپەڕی ئەلحورە سەبارەت بەم بانگەوازە و هەڵوێستی واشنتۆن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گوتی: ئێمە ئاگاداری ئەو سكاڵایەن كە حكومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش پێشكەشی كردووە، هەروەها ئەو بەیاننامەیەی كە لە ئەنجوومەنەكەوە ڕۆژی سێشەممە دەرچووە، سەبارەت بەم بابەتە و هەڵوێستی خۆمان دووپات دەكەینەوە كە دەبێت ڕێز لە سەروەری عێراق و ڕێز لە یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە بگیرێت.
پرایس لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەمریكا پشتگیری لە بڕیارێكی لەو جۆرە دەكات كە لەلایەن عێراقەوە پێشنیار كراوە، گوتی: ئێمە پشتگیریمان لەو بنەمایانە كرد، لەوانە ئەو بنەمایانەی كە لە بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە ڕوونی خراونەتەڕوو.
جێگای ئاماژەیە فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی حورە، هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ دەركردنی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا پشتڕاستكردەوە و رەتیكردەوە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت كە رێگەی پێبدات بچێتە ناو خاكی عێراقەوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.