Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 20:21

بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەكەوێتە بەردەست خوێنەران

کوردستان TV
100%

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، بەمزووانە بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەكەوێتە بەردەست خوێنەرانەوە.

ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: بەمزووانە؛ بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی لەژێر ناونیشانی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) دەكەوێتە بەردەست خوێنەرانەوە.

ڕاشیگەیاند: كتێبی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) لە 832 لاپەڕە و بیست بەشی جیاجیا پێكهاتووە و ڕۆشنایی خستۆتە سەر قۆناغێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان.

ئەوەشی خستەڕوو کە كتێبی ڕاپەڕین بەرهەمی یادداشتەكانی ڕۆژانەی ژیانی سەرۆك بارزانییە لە نێوان ساڵانی 1991 هەتا 2002 و باسی ئەو ڕووداوە گرنگانە دەكات كە لە ڕاپەڕین و ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویان داوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

باسی لەوە دەکات کە ڕووداوی زۆر گرنگی وەک ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، پلانی بەرەی کوردستانی و پێشمەرگە، ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پەلاماری ڕژێم و کۆڕەوه‌ ملیۆنییه‌که‌ی گەلی کوردستان و بەرگریی پێشمەرگە و بریاڕی 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و، دواتر کشانەوەی ڕژێم و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕژێم؛ هەروەها هەڵبژاردنەکانی 1992 و هەڵكشانی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان و فراوانبوونی دەستكەوت و دۆستایەتی و پەیوەندییەكان لەو كتێبەدا هاتووە.

باسی لەوەش کردووە کە لەو كتێبەی سەرۆك مەسعود بارزانیدا باس لە ئەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە كراوە كە بوونە كۆسپ لەبەردەم گەلی كوردستان. ئابڵۆقە و دەستوەردانە دەرەکییەکان و هەڵەی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و شەڕی خۆکوژی و ململانێکان و هەڕەشەی بەردەوامی هەرێمایەتی و بارودۆخی نالەباری ئابووری و، سەدان ڕووداو و ئاستەنگی تر لەم كتێبەدا ئاماژەی پێ دراوە.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە کە كتێبەكە كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی وەخۆ هەڵگرتووە و سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.