ڕاگه‌یاندنی باره‌گای بارزانی بڵاوی كرده‌وه، به‌م زووانه به‌رگی پێنجه‌می زنجیره كتێبی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له نووسینی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ژێر ناونیشانی (ڕاپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان) ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی خوێنه‌رانه‌وه.
كتێبی (ڕاپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان) له 832 لاپه‌ڕه و بیست به‌شی جیاجیا پێكهاتووه و ڕۆشنایی خستووه‌ته سه‌ر قۆناغێكی گرنگی خه‌باتی گه‌لی كوردستان.
كتێبی ڕاپه‌ڕین به‌رهه‌می یادداشته‌كانی ڕۆژانه‌ی ژیانی سه‌رۆك بارزانییه له نێوان ساڵانی 1991 هه‌تا 2002، باسی ئه‌و ڕووداوه گرنگانه ده‌كات كه له ڕاپه‌ڕین و ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕین له هه‌رێمی كوردستاندا ڕوویان داوه و ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی گه‌لی كوردستانی له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا بردووه‌ته قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر.
ڕووداوی زۆر گرنگی وه‌ك ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی كوردستان، پلانی به‌ره‌ی كوردستانی و پێشمه‌رگه، ئازادكردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، په‌لاماری ڕژێم و كۆڕه‌وه ملیۆنییه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان و به‌رگریی پێشمه‌رگه و بریاڕی 688ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، دواتر كشانه‌وه‌ی ڕژێم و ده‌ستپێكردنی دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ ڕژێم؛ هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كانی 1992 و، هه‌ڵكشانی پێگه‌ی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و فراوانبوونی ده‌ستكه‌وت و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌و كتێبه‌دا هاتووه.
له‌و كتێبه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا باس له‌و ئاسته‌نگ و گیروگرفتانه كراوه كه بوونه كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌لی كوردستان. ئابڵۆقه و ده‌ستوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كان و هه‌ڵه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی و شه‌ڕی خۆكوژی و ململانێكان و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی هه‌رێمایه‌تی و بارودۆخی ناله‌باری ئابووری و، سه‌دان ڕووداو و ئاسته‌نگی تر له‌م كتێبه‌دا ئاماژه‌ی پێ دراوه.
كتێبه‌كه كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی گرنگ و مێژوویی و 73 به‌ڵگه‌نامه‌ی سیاسی و مێژوویی وه‌خۆ هه‌ڵگرتووه و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرانبه‌های سیاسی و مێژووییه بۆ خوێنه‌ران و توێژه‌ران و مێژوونووسان.
ئا- كامران
ژێده‌ر- ڕاگه‌یاندنی باره‌گای بارزانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.