Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 12:29

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان: جیهان بەرامبەر بەو جینۆسایدانەی دژ بە نەتەوەی كورد ئەنجامدراون كوێر و كەڕ و لاڵە

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكان رایدەگەێنێت، دەبێت حكوومەتی عێراقی بەرامبەر هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدانەی رژێمە دیكتاتۆرەكانی فەرمانڕەوای بەغدا ئەنجامیان داوە بەرپرسیارەتی هەڵبگرن و هاوكار و هاوئاهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن .
پەیامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییە سیڤیلە سەربەرزەكان.
لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ پێش (39) سی و نۆ ساڵ ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆری بەغدا تاوانی بەكۆمەڵی دژ  بە هەشت هەزار خەڵكی سیڤیلی بێ تاوانی بارزانییە سەربەرزەكان ئەنجام دا و لەو ڕۆژەدا هەشت هەزار بارزانیی سڤیلی پیر و گەنج و مێردمناڵیان گرت و بەرەو بیابانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیان بردن و لە پرۆسەیەكی دڕندانەدا زیندەبەچاڵ، جینۆساید و شەهید كران.
ئەنفالكردنی بارزانییە سەربەرزەكان لە 1983/7/31 هەوڵدانی ڕژێمی بەعسی بەغدا  بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدامی دیكتاتۆر بوو، بۆ ئەوەی بە تاوانی جینوساید كۆتای بە گەلی كورد لە كوردستانی باشوور بێنێت.
بەداخەوە تا ئێستا دنیا بەرامبەر بەو  تاوانە ویژدان هەژێنانە و گشت ئەو جینوسایدانەی كە تا ئێستا دژ بە نەتەوەی كورد ئەنجامدراون كوێر و كەڕ و لاڵە و بێدەنگە!!!!!
ڕۆژانی ئەنفال و كیمیاباران لە كوردستانی باشوور هەرگیز لەبیر نەكراون، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە هەوڵ و تێكۆشانی  حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفالكراوان لە بیابانەكانی باشووری عێراق  دۆزرانەوە كە روفاتی پیرۆزی هەزاران  ڕۆڵەی ئەنفالكراوی گەلەكەمانی  تێدابوو.
لەم یادە كارەساتبار و غەمگینەدا دەڵێین، دەبێت حكوومەتی عێراقی بەرامبەر هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدانەی رژێمە دیكتاتۆرەكانی فەرمانڕەوای بەغدا ئەنجامیان داوە بەرپرسیارەتی هەڵبگرن و هاوكار و هاوئاهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن بۆ دۆزینەوەی روفاتی ئەو ستەملێكراوانەی تاكو ئێستا نەدۆزراونەتەوە و قەرەبووی فەرمیی شەهیدانی ئەنفالكراو بە دروستی بكەن.
لەم یادە دڵتەزێنەدا سڵاو و دروود دەنێرین و سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاكی (8000) هەشت هەزار شەهیدی ئەنفالی بارزانییە لەبیرنەكراوەكان.
سڵاو و دروود و سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی ئەنفال و كیمیاباران و گشت شەهیدانی كورد و كوردستان.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.
سڵاو بۆ گشت ئەو دڵسۆزانەی گەلەكەمان كە بە هیچ شێوەیەك دەسبەرداری مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان نابن.

دكتۆر كەمال كەركووكی
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان
2022/7/31
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.