Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 12:25

نێچیرڤان بارزانی: سوپاس و پێزانین بۆ خەڵكی جوامێر‌ی هەولێر و هەموو ئەوانەی یارمەتیی كەسوكاری ئەنفالكراوانیان دا

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكیدا لە یادی سی و نۆ ساڵەی جینۆساید و ئەنفالكردنی هەشت هەزار مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا رایدەگەێنێت، بێسەروشوێنكردن و ئەنفالی بارزانییەكان هێزێكی گەورەتری بەخشیە بەرخودانی گەلی كوردستان.
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانییاندا..
ئەمڕۆ لە سی و نۆ ساڵەی یادی جینۆساید و ئەنفالكردنی هەشت هەزار مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاكی ئەنفالكراواندا دادەنوێنین، بەوپەڕی شكۆوە یادیان دەكەینەوە.
سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كەسوكاریان دەنێرین كە دوای ئەو تاوان و مەرگەساتە،‌ بەرگەی ژیانێكی زۆر سەخت و تاڵیان گرت و هەزاران دایكی سەربەرز، بە تەنیا و بێچارە ئەركی بژێو و پە‌روەردەكردنی منداڵانیان كەوتە ئەستۆ و نەوەیەكی دڵسۆزیان پێگەیاند. ئەو دایكانە مایەی شانازین و دەستیان ماچ دەكەم.
وەك چۆن هەموو ئەو تاوان و مەرگەساتانەی مێژوو نەیانتوانی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ژیان و مانەوە بشكێنن، بێسەروشوێنكردن و ئەنفالی بارزانییەكانیش هێزێكی گەورەتری بەخشیە بەرخودانی گەلی كوردستان و تێكۆشانی لەپێناو ئازادیدا و تاوانبارانی ئەنفال نابوود بوون.
ئەمڕۆ لەم یادەدا كە ڕوفاتی سەد ئەنفالكراوی بارزانی بە خاكی پیرۆزی نیشتمان دەسپێرین، دڵ و هۆش و خەیاڵم لای دایك و هاوسەر و خوشكانی جگەرسووتاوی ئەنفالكراوان و منداڵ و كەسوكاریانە، هاوسۆز و هاوخەمیانم. سوپاس و پێزانین بۆ خەڵكی جوامێر‌ی هەولێر و هەموو ئەوانەی یارمەتیی كەسوكاری ئەنفالكراوانیان دا.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان، یادیان هەمیشە بە خێر.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2022/7/31

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.