Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 10:22

وەزارەتی پەروەردە بە بەڵگە ڕوونکردنەوە لەسەر گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆڵی 12 دەدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پەروەردەی لەسەر بابەتی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆڵی 12 ڕوونکردنەوە دەدات و بە بەڵگە وەڵام دەداتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا لیژنەی باڵای ئەزموونەکان ڕایگەیاند: وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو کە (111) حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لە کاتی تاقیکردنەوەکان تۆمار کراوە کە ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر، هاووڵاتییەک شەوی ڕابردوو هەندێک قسەی کردووە لەسەر بابەتی گزیکردن، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابییانی پێ فریو دەدرێت.

ڕاشیگەیاند: وەک خۆشی ڕوونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (111) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردووه، وەزارەت هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتوویی تووانیویەتی کۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە بکات، لەسەر بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لە چەند هۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە.

لیژنەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێ دەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش کۆنترۆڵ کراوە و بەکارهێنەرانیشی کە ژمارەیان  زۆر کەم بووە  و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردووە بەمەبەستی سوودی کەسی خۆیان ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ هەژمارکراوە.

ڕوونیشی کردۆتەوە کە لایەنە ئەمنییەکان کە ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆڕمی ژمارەکەشیان بۆ ناردووینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردووە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگەش کردووە، تیمی تایبەتی لەلایەن ئاسایش هەبووە، بەناوکردن و نەکردنی سیمکارتەکە ڕێگر نەبووە کە کاری پێویست ئەنجام بدرێت و بە کەمتر لە دوو کاتژمێر دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگە کراون .

جەختیشی کردۆتەوە کە لیژنەی باڵا بەوردی هەموو ڕێکارەکانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەکارهێنەرە نایاساییەکان ڕووبەڕووی دادگە بکرێنەوە کە ڕووبەڕووش کراونەتەوە، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێکیش کەمتەرخەمی کرابێت و (دوایی تاقیکردنەوەش)  وێنەی پرسیارێک گیرابێت سزای کارگێریی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە کە کەمتەرخەم بوون.

هەروەها دووپاتی کردۆتەوە پاکی و باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە جێگەی خۆشحاڵی ئەزمووندەران و خانەوادەکانیان بووە، تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکە، قسەکردنی نابەرپرسانە ڕەت دەکەینەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابییان و هەبێت.

لیژنەی باڵای ئەزموونەکان ئاماژەی بەوەش دا کە هەوڵی گزیکردن لەناو یان لە کاتی تاقیکردنەوە هەیە، بەڵام گرنگ کۆنتڕۆڵکردنی هەوڵی گزییەکەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئەمەش بەڵگەکانە بەوەی کە ئەو کەسەش ئاماژەی پێ داوە کە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە کە وەزارەت کۆنتڕۆڵی کردووە، بەڵام ئێمە ئەم ڕێکارە وردانەی کە کردوومانە بەئەرکمان زانیوە و منەتمان لەسەر کەس نەکردووە تاوەکو باسی هەموو هەوڵەکان و وردەکارییەکان بکەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.