Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 10:31

په‌رله‌مانی كوردستان: پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی كه‌سوكاری قوربانییانی بارزانی بكاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له‌ یادی 39 ساڵه‌ی تاوانی جینۆسایدی بارزانییه‌كان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ جینۆسایدی 8 هه‌زار بارزانی به‌ ده‌ستی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس تاوانه‌كه‌یان ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو كه‌ بارزانی بوون.

لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: ڕژێمى بەعس مەبەستى له‌م تاوانە قێزەونە، جینۆسایدکردنى گەلى کورد بوو كه‌ سەرجەم ڕێساکانى یاساى نێودەوڵەتى و هەموو ئایینەکان و بیرە مرۆڤ دۆستەکان نەفرەتى لێ دەکەن و بەوپەڕى دڕندەیی و نا مرۆڤانەى لە قەڵەمی دەدەن.

ڕاشیگه‌یاند: لە سەکۆى ئەو یادە تاڵەوە، داوا دەکەین کە گەلى کوردستان بە یەکڕیزى داکۆکیکردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانمان و تەبایی ناوخۆیی وەڵامى ئەو تاوانانە بداتەوە.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: تەنها ئەوەندە بەس نییە کە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق جینۆسایدی بارزانییه‌كان بە جینۆسایدى گەلى کوردستانیان لە قەڵەم بدات، بەڵکو ڕێساکانى بەرپرسیارەتى یاسایی نێودەوڵەتى، ناوخۆیی و ئەخلاقی مرۆڤایەتى وا دەخوازێت کە دەوڵەتى عێراق داواى لێبوردن لە گەلى کوردستان بکات و قەرەبووى ماددى و مەعنەوی کەسوکارى قوربانییەکانیان بکاتەوە.

داواشی كرد دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانى زیانى ئەو تاوانانەیان پێگەیشتووە و لە ناوەندە نێودەوڵەتى و عێراقییەکان بیانناسێنن و ڕاى گشتى بەو ئاراستەیە تەیار بکەن کە تاوانبارەکانیان بدرێنە دادگا لە هەر کوێیەک بن و قەرەبووى کەسوکارى قوربانییەکان بکرێنەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ یادی 39 ساڵه‌ی تاوانی جینۆسایدی بارزانییه‌كان:-

لە 31ى تەمموزى هەموو ساڵێکدا، بە پەژارەوە یادى قوربانیانى تاوانێکى گەورەى دژ بەگەلى کوردستان ئەنجامدرا و دەکەینەوە، ئەویش تاوانى جینۆساید کردنى (8000) پیاو و گەنج و منداڵى بارزانیەکانە لەسەر دەستى ڕژێمى دیکتاتۆریی بەعس، کە تاوانیان تەنها بارزانیبوون بوو.

ئەو تاوانە قێزەونەى ڕژێمى بەعس یەکێکە لە حەلەقەکانى تاوانە گەورەکانى کە بە مەبەستى جینۆسایدکردنى گەلى کورد ئەنجامبدان، سەرجەم ڕێساکانى یاساى نێودەوڵەتى و هەموو ئایینەکان و بیرە مرۆڤ دۆستەکان نەفرەتى لێ دەکەن و بەوپەڕى دڕندەیی و نامرۆڤانەى لە قەڵەم دەدەن، سەرەڕاى ئەوەشى هەر لەپەنجاکانى سەدەى ڕابردووەوە دەوڵەتى عێراق لە سەرجەم ئەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییانەى کە قەدەغەى تاوانى لەو جۆرە دەکەن و دادگاییکردنى بکەرەکانى بە پێویست و ئەرک و پابەندیی دادەنێن، ئەندامە و ئیمزاى لەسەر کردوون، کەچی بە دڵێکى ڕەق و خوێنێکى ساردەوە ئەنجامی دان.

ئاشکرایە کە ئازار و شوێنەوارە ماددى و مەعنەوییەکانى ئەو تاوانە دڕندانەیە و سەرجەم تاوانەکانى دیکەى ڕژێمى بەعس کە دەرحەق بە گەلى کوردستان ئەنجامى دان، هێشتا بە ژیانى کەسوکارى قوربانییەکان و گەلى کوردستانەوە دیار و کاریگەرن، بۆیە تەنها ئەوەندە بەس نییە کە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بە جینۆسایدى گەلى کوردستانیان لە قەڵەم بدات، بەڵکو ڕێساکانى بەرپرسیارەتى یاسایی نێودەوڵەتى، ناوخۆیی و ئەخلاقی مرۆڤایەتى وا دەخوازێت کە دەوڵەتى عێراق داواى لێبوردن لە گەلى کوردستان بکات و قەرەبووى ماددى و مەعنەوی کەسوکارى قوربانییەکانیان بکاتەوە و بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵى سڕینەوەى شوێنەوارەکانیاندا بێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتەکانى عێراق هیچ هەنگاوێکى پێویستیان لەوبارەیەوە نەناوە و پشتگوێیان خستووە.

لەسەکۆى ئەو یادە تاڵەوە، داوا دەکەین کە گەلى کوردستان بە یەکڕیزى داکۆکیکردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانمان و تەبایی ناوخۆیی وەڵامى ئەو تاوانانە بداتەوە، و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانى زیانى ئەو تاوانانەیان پێگەیشتووە و لە ناوەندە نێودەوڵەتى و عێراقییەکان بیانناسێنن و ڕاى گشتى بەو ئاراستەیە تەیار بکەن کە تاوانبارەکانیان بدرێنە دادگا لە هەرکوێیەک بن و قەرەبووى کەسوکارى قوربانیەکان بکرێنەوە، و فشارى تەواو بکرێت بۆ ئەوەى عێراق ببێتە ئەندام لە دادگاى تاوانکاریی نێودەوڵەتى، وەک هەوڵێک بۆ ڕێگرى کردن لەوەى تاوانى لەو چەشنە دەرحەق بەگەلى کوردستان و گەلانى دیکەى عێراق، لەداهاتوودا، ئەنجام بدرێتەوە.

لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كوردستان بەگشتی و شەهیدانی جینۆسایدى بارزانییەکان دادەنەوێنین و رۆحیان شاد و ئارام.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.