Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 02:23

حکوومەتی هەرێم ئاماری گرنگترین کاروچالاکییەکانی 6 مانگی رابردووی بڵاو كرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماری گرنگترین کاروچالاکییەکانی 6 مانگی رابردووی حكوومه‌تی هه‌رێمی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ بەهۆی چاکسازییەکانەوە مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.

د. جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا گرنگترین کاروچالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

د. جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگترین كاروچالاكییه‌كانی 6 مانگی ڕابردووی حكوومه‌تی به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ دیاری كرد:-

لە بواری مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنى مووچەی مووچەخۆران.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حکوومەتى هەرێم بڕی 5 تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.

حکوومەتی هەرێم لە داهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە هۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لە چوارچێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکردووە کە بەهاکەی  زیاترە لە 116 ملیار دینار بووە.

خۆڵ و خاشاک

كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە  28 گرێبەست زیاد کردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە 11،8 ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ 9،6 ملیار دینار.

لە هەرێمى کوردستان، مانگانە 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆ دەکرێتەوە و لە 6 مانگی رابردوو ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن کۆ کراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

ئاوی خواردنەوە لە ساڵى ٢٠٢٢

 لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکان هەیە کە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان  بەستراوە.

حکوومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە رۆژانە (2،6) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی 8 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکى حکوومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتییانى خۆشەویست.

وەزارەتی تەندروستی

لە سێکتەرى تەندروستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە.

لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی 4 ملیار و 892 ملیۆن دینار خەرج کراوە. بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان زیاتر لە 4 ملیار دینار دابین کراوە.

وەبەرهێنان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەرى وەبەرهێنان کە سێکتەرێکى دیکەى حکوومەتى هەرێمە کە گرنگییەکى تایبەتى هەیە و لە 6 مانگی رابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە 44 پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری 768 دۆنم ئەنجام داوە کە سەرمایەکەیان 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە.

سێکتەرەکانیش بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:

لە سێکتەری بازرگانی، 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 114 ملیۆن و 37 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.  

لە سێکتەری پیشەسازی، 13 پڕۆژە بە سەرمایەی 136 ملیۆن و 554 هەزار دۆلار جێبەجێ کراوە.

لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، 6 پڕۆژە ئەنجام دراوە بە سەرمایەی 26 ملیۆن و 638 هەزار دۆلار.

لە سێکتەری تەندروستی، 3 پڕۆژە جێبەجێ کراوە بە سەرمایەی 16 ملیۆن و 905 هەزار دۆلار.

لە سێکتەری نیشتەجێبوون، 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 338 ملیۆن و 77 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.

لە سێکتەری کشتوکاڵیش 2 پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بە سەرمایەی 7 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.

لە سێکتەری گەشتیاری بە سەرمایەی ملیۆنێک و 930 هەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە.

لە سێکتەری بانکەکان پڕۆژەیەک بە سەرمایەى 4 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.

لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 3 ملیۆن و 29 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى

لە 6 مانگی رابردوو، چالاکى بازرگانى لە هەرێمەکەمان بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا 494 هێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داهاتەکەی 601 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە .

لەم شەش مانگەی رابردوو، هەزار و 675 مۆڵەتی هاوردە و 79 مۆڵەتی هەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەى 260 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە 220 ملیار دینار و تا ئێستانزیکەى 95 ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.

له‌ كۆتاییدا د. جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند: هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئەوی خستمەڕوو چالاکییەکان و پرۆژەکانی حکوومەت بوو لە ماوەی 6 مانگی ساڵی 2022، ئێمە لەسەر بەڵێنەکانی خۆمانین تاوەکو خزمەتی زیاتر بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە درێغی ناکەین لە پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.