Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 16:21

دیندار زێباری : پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و كۆچبەرانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر زامن بكرێت 

کوردستان TV
100%

هەشت ساڵ پێش ئێستا خوشك و برا ئێزیدیەكانمان بەشێوەیەكی دڕندانە كۆمەڵكوژكران و ناچاركران ماڵ و حاڵیان چۆڵ بكەن. تیرۆریستانی داعش هێرشێكی توندیان كردە سەر ژمارەیەك ناوچەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ئێزدییەكان لە شنگال لێی نیشتەجێبوون. هەروەها كردەوە تیرۆریستییەكان بوونە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس لەدانیشتووانی ئەو ناوچانە كە دواتر بۆ پاراستنی گیانیان و بنیاتنانی هیوایەك، بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵكشان. 
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە دواین هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەرپرسیاركردنی تیرۆرستانی داعش بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی ٢١/٨/٢٠١٤ بڕیاری ژمارە (٥١٧٠) ی دەركردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەئێزیدییەكان كراوە. لیژنەكەش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا كاری بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی ئەو كەیسە كردووە و هەوڵیداوە ئازارەكانیان بگەیەنێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لیژنەی ناوبراو لە كابینەی ئێستا چالاكبۆتەوە و بەردەوام بێت لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا و گەیاندنی تیرۆریستانی داعش بە سزای یاسایی". 
تەریب لەگەڵ ئەو میكانیزمەی هەیە، نووسینگەی ڕێكخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕاسپێردراوە بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد). بۆ ئەم مەبەستە، نووسینگەی ڕێكخەر لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵە و تا ئێستا چەندان بەڵگەی پەیوەندیدار بە تیمی یونیتاد دراوە.  لە بارەی پڕۆسەی ئەرشیڤكردنی بەڵگەكان و دروستكردنی كەیسی یاسایی، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان
ڕایگەیاند، "بە مەبەستی ناساندنی تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حكومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەدۆكیۆمێنت كردووە. ئەرشیفكردنی بەڵگەنامەكانی رفێندراوانی ئێزدی لە ١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەستیپێكردووە و لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢ كۆتایی پێهاتووە. بە درێژایی ئەم ماوەیە، ٣٥٤٣ كەیس (٥٣٩٣ لاپەڕە) ئەرشیف كراوە. جگە لەوەش پشتیوانی كۆمەڵایەتی و دەروونی پێشكەش بە زیاتر لە دوو هەزار و ٢٣٤ قوربانی كراوە."
 بۆ بەڵگەنامەكردنی تاوانەكانی داعش، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد كردووە و لەڕێگەی دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكان و چارەسەركردنیان CIGE) (سەركەوتوو بووە لە ئەرشیفكردنی ئەلیكترۆنیانەی زیاتر لە ٧٣ هەزار و ٩١٢ لاپەڕە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانە. جگە لەوەش ٤ هەزار و ٢٠٦ دۆسیە وەك سكاڵا پێشكەش بە دادگاكان دەكرێت. لە نێویاندا لە ئێستادا هەزار و ٧٧٨ كەیس یەكلایی كراونەتەوە و دوو هەزار و ٤٢٨ كەیسیش لە پڕۆسەی  ئامادەكردندان.
لە درێژەی قسەكانیدا، زێباری گوتی كە حكومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ئازادكردنی ڕفێندراوەكان، بۆیە لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێنراوەكان و بودجەیەكی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كرد. تا مانگی تەمموزی ٢٠٢٢، ٣٥٥٤ كەس رزگاركراون: لەو ژمارەیەش ١٢٠٧ كەسیان ژنن، ٣٣٩ كەسیان پیاون، ١٠٥١ كەسیان منداڵی مێینە و ٩٥٧ كەسیان منداڵی نێرن. جگە لەوەش تا ئێستا دوو هەزار و ٧١٧ كەس بێسەروشوێنن. هەروەها دامەزراوە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرت و زانیاری فراوانیان پەیوەست بە سەركردایەتی داعش و سەرچاوە داراییەكانیان بۆ یونیتاد دابین كردووە تا ئەوانیش لێكۆڵینەوە یاساییەكانیان دەستپێبكەن.  وەك بەشێك لە پڕۆژەی بە ئەلیكتڕۆنیكردن، حوكمەتی هەرێم هاوكاری یونیتادی كردووە لە دەستگەیشتن بە هەموو ئەرشیفێكی بەڵگەداری پەیوەست بە تاوانەكانی داعش كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆكراوەتەوە و پارێزراوە، ئەمەش تەریبە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگایی كردنی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی. 

لە كۆتایی قسەكانیدا، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، "وەك قەرەبوویەكی بچووك لە دەستپێك، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و كۆچبەرانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر زامن بكرێت، كە بەهۆی دەستدرێژیە تیرۆریستییەكان و ئەو هەڕەشانەی كە لە بەردەمیان كراوە ناچاركراون كۆچ بكەن. هەروەها، پێویستە زاڵبین بەسەر ئاستەنگە سیاسی و ئیداریەكان كە رێگری لە بەرجەستەكردنی دادپەروەری بۆ كەسوكاری قوربانیان دەكات. هاوكات، خێراكردنی پێكهێنانی ئیدارە لە شەنگال و بەرزكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دابینكردنی یارمەتی ماددی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ گەڕانەوەیان لە كەمپەكانی ئاوارەییەوە بۆ زێدی ڕەسەنیان.  ئەم هەنگاوانە لە ڕێی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شەنگال و ئەنجامدانی دادگاییكردنەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بەرجەستە دەبن."
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.