Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 16:19

یونامی داوای دیالۆگی بەپەلە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات

کوردستان TV
100%

یونامی ئەمڕۆ چوارشەممە 03ـی 08ـی 2022 پشتیوانی خۆی بۆ دیالۆگی بەپەلە لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان دووپات کردەوە و جەختی کردۆتەوە کە دیالۆگی مانادار لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان ئێستا لە جاران بەپەلەترە.

لە ڕاگەیەنراوێک نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (UNAMI) ڕایگەیاند: یونامی پێشوازی لە بانگەوازەکانی گفتوگۆی نیشتمانی دەکات و سەرکردەکان دەبێت بەرژەوەندی نیشتمانی لە پێشینە دابنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ قەیرانەکان.

ڕاشیگەیاند: لە چەند مانگ و چەند هەفتەی ڕابردوودا، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) بەردەوام داوای دیالۆگی کردووە وەك کاریگەرترین ڕێگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی درێژخایەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دیالۆگی مانادار لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان ئێستا لە جاران بەپەلەترە، چونکە ڕووداوەکانی ئەم دواییە مەترسی خێرای پەرەسەندنی لەم کەشوهەوای سیاسییە ئاڵۆزەدا نیشانداوە. لە کاتێکدا حیزبەکان جەخت لەسەر گرنگیی بنەما دیموکراسییەکانی وەك پابەندبوون بە دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەنەوە، بەڵام ئەمانە تاوەکو دێت ڕەچاو ناکرێت. شکستهێنانیان لە پێشکەوتنیان کاریگەری نەرێنی ڕوونی لەسەر متمانەی گشتی هەبووە.

لە ڕاگەیەنراوەکە ڕوونی کردۆتەوە کە هیچ حیزب و گروپێك ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکات کە قەیرانەکە ئەوانی تێدا نییە و کاریگەرییان لەسەر نییە. پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر لە ڕێگەی دیالۆگێکی گشتگیرەوە ڕوونە. لە نەبوونی دیالۆگدا، دەوڵەتی عێراق بەردەوام لەژێر کاریگەریی زاڵبوونی بەرژەوەندییە کێبڕکێکارەکان دەمێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر، خەڵك باجەکەی دەدەن. سیناریۆیەکی لەو جۆرە بەرگە ناگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا، یونامی پێشوازی لە بانگەوازەکانی ئەم دواییە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دەکات و دەستخۆشی لە دەربڕینەکانی پشتیوانی لە هەموو لایەنە سیاسی دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە بەبێ دواکەوتن پابەندبن و چالاکانە بەشداری بکەن و لەسەر چارەسەرەکان ڕێک بکەون."

یونامی ئاماژەی بەوە داوە کە "ئێستا گۆڕینی وشە بۆ کردەوە زۆر گرنگە. عێراق ناتوانێت دیالۆگێکی دیکەی نیشتمانی بەخۆڕایی بڕوات. عێراقییەکان پێویستیان بە بەردەوامی ململانێی دەسەڵات و ڕووبەڕووبوونەوە نییە. ئەوان پێویستیان بە چارەسەر و پابەندبوونە بە جێبەجێکردنیان، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە قەیرانی سیاسی دەربهێنن."

ئاماژەی بەوەش داوە کە "عێراق ڕووبەڕووی لیستێکی بەرفراوانی پرسە ناوخۆییە هەڵپەسێردراوەکان بووەتەوە، زۆر پێویستی بە چاکسازی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە کاریگەرەکان و هەروەها بووجەیەکی فیدراڵی هەیە – کە ئەمانە بەشێکن لە کێشەکان. لێرەوە کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەندیدارە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کار بکەن."

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیەنراوەکە جەختی کردۆتەوە کە وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.