یهكێك له ئامانجهكانی دەستەی وەبەرھێنان راکێشانی سەرمایەی بیانییە بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان پێشوازی لە یۆنیدا گین نوێنەری ئاژانسی جایکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کرد کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی باشیان ھەبووە و ھیوای بەردەوامی بۆ خواستن.
ئاماژەی بەوە کرد كه روئیای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئابوورییەکی بەھێز و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانییە بۆ کوردستان، بۆیە پێویستیان بە ئەزموونی ژاپۆنییەکان و بەیەکگەیاندنی وەبەرھێنەران و کوردستان و ژاپۆنە.
نوێنەری ئاژانسی جایکا لە عێراق پشتگیری لە داواکارییەکەی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کرد و ڕایگەیاند كه ھەوڵی جدی دەدەن بۆ نزیککردنەوەی وەبەرھێنەرانی ھەردوولا و ئەمانجیشیانە کار و پڕۆژەی باش بەیەکەوە ئەنجام بدەن.
جێی باسه ئاژانسی جایكای ژاپۆنی چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، گرنگترینیان هاوکاریکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لە هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.