سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕازیبوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌گوێره‌ی ده‌ستوور بێت و هه‌روه‌ها كۆده‌نگی نیشتمانیشی له‌سه‌ر بێت.
نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له تویتێكدا ڕایگه‌یاند: دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و یاساكان تاكه بژارده‌ن بۆ ڕزگاربوونی عێراق له‌و قه‌یرانه یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی تووشی هاتوون كه زیانی زۆریان به به‌رژوه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی عێراق گه‌یاندووه و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تییان خستۆته ئه‌وپه‌ڕی مه‌ترسییه‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته ده‌بێت به پێی ده‌ستوور و كۆده‌نگی نیشتمانی به‌ڕێوه‌بچێت كه ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا ڕوویان دا كه كاریگه‌رییه نه‌رێنی و خراپه‌كانی تا ئێستاش ماون.
پێرێ چوارشه‌م موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا داوای كرد په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێته‌وه و هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته له عێراق ئه‌نجام بدرێته‌وه.
خۆپیشانده‌ر و لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌دریش تا ئێستا له‌نێو به‌شێكی ناوچه‌ی سه‌وز و باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ماونه‌ته‌وه دوای ئه‌وه‌ی له ڕۆژی شه‌مووی هه‌فته‌ی ڕابردوو چوونه ناوییه‌وه و دژی كاندیدكردنی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گردبوونه‌وه‌یان ده‌ست پێ كرد كه داواكاری سه‌ره‌كیشیان چاكسازی ڕیشه‌یی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵییه له عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.