Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 20:16

لە واشنتۆن ئاهەنگێک بۆ یادی پێشمەرگە و بەرز راگرتنی قارەمانێتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو

کوردستان TV
100%


 نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکاـــ کوردستان مەراسیمێکى پێشوازى ئەنجام دا، بۆ یاد و رێزگرتن لە قارەمانێتى و خەبات و قوربانى هێزەکانى پێشمەرگە و هاوبەشى ستراتیژى لەنێوان کوردستان و ئەمریکا.
مەراسیمەکە، لە هۆتێل ویلارد لە واشنتۆن ئەنجام درا، کە یادکردنەوە و سڵاوێک بوو بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان، کە لە ساڵى 2014 ەوە قارەمانانە بە پاڵپشتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، بە سەرۆکایەتى ئەمریکا شەڕیان کردووە دژى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش.
 هەروەها لە مەراسیمەکەدا، یادى ئازایەتى هێزە ئەمینەکانى عێراق و زیادبوونى هەماهەنگیەکانى نێوان سوپاى عێراقى و هێزەکانى پێشمەرگە کرایەوە.
مەراسیمەکە، لەکاتى سەردانى شاندێکى پێشمەرگە و ئاسایش بوو بۆ واشنتۆن بە سەرۆکایەتى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە و ئەندامێتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان. 
وتەى بەخێرهاتنى مەراسیمەکە، لەلایەن بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، دەیڤید تافورى سەرۆکى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا - کوردستان پێشکەش کرا، تیایدا بەخێرهاتنى میوانەکانیان کرد، کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانى حکومى ئەمریکى و  ئەکادیمیکاران و دیپلۆماتکاران و بازرگانان و ئەندامانى ڕەوەندى کوردستانى.
لە مەراسیمەکەدا، هەریەک لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە، دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، و سەلوان شەنگالى هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە واشنتۆن، وتاریان پێشکەش کرد.
دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، گووتى: (شەرەفێکە بۆ من، کە ئەمشەو لەگەڵ ئێوە لێرەبم، بە نوێنەرایەتى وەزارەتى بەرگرى، بۆ ڕێزگرتن لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى عێراق، هاوبەشێتى نێوان هێزە سەربازییەکانمان، بێگومان پەیوەندى نێوان نەتەوەکانمان، کە هەردووکیان درێژخایەن و گرنگن، بۆ چەندین دەیە، سوپاى ئەمریکا لە نزیکەوە کاری کردووە، لەگەڵ پێشمەرگە بۆ پشتگیرى لە ئاسایش و سەقامگیرى هەرێمى کوردستانى عێراق و ناوچەى فراوانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، گرنگى و درێژخایەنى ئەم شەراکەتە لەسەر بنەماى پابەندبوونى هەردوولامانە، بۆ بەدەستهێنانى ئاسایش بۆ هەردوو نەتەوەکەمان، بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ کەرامەتى مرۆڤایەتى).
شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە، لە ووتارەکەیدا گووتى: (سوپاس خاتوو دەینا سترۆل بۆ  وتە و پەیامە بەنرخەکانت، ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئێوە، ئێمە بەیەکەوە شەراکەتێکى ستراتیژیمان هەیە. پێشمەرگە، سوپاى عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەیەکەوە، داعشمان شکست پێهێنا، کۆتاییمان هێنا بە خەلافەتە ساختەکەیان، ئێمە لە وەزارەتى پێشمەرگە هەموو ڕۆژێک دەیبینین، کە بۆچى ئەو شەراکەتە گرنگە، شەڕى دژ بە داعش کۆتایى نەهاتووە، بە راوێژى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئێمە توانیوومانە بەردەوام بین لە شەڕ دژى داعش و رێگرى بکەین لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان و دووبارە بوونەوەى تیرۆر و مەترسى، بە یارمەتى راوێژکارە ئەمریکیەکان و هاوپەیمانى نێودەوڵەتی، ئێمە لە وەزارەتەکەمان چاکسازى ئەنجام دەدەین).
 سەلوان شەنگالى هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق، لە ووتارەکەیدا ستایشى رۆڵى هێزە ئەمنیەکانى عێراق و پێشمەرگە و هێزەکانى هاوپەیمانانى کرد، بۆ لەناوبردنى داعش، هاوکات داواى هەماهەنگى زیاتری کرد لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراقى.
بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، لە ووتارەکەیدا ووتى: لە مانگى ئاب ى 2014، داعش جینۆسایدى ئەنجام دا دژى کورد، تورکمان، عەرەب، مەسیحى، و بەتایبەتى ئێزیدیەکان. سوپاسى گەل و کۆنگرێس و سوپا و حکومەتى ئەمریکا دەکەین، بەتایبەتى وەزارەتى بەرگرى بۆ پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە، بۆئەوەى کوردستان بە سەقامگیرى بمێنێتەوە و پەناگەیەکى ئارام دابین بکات، بۆ ئەو کەسانەى بەهۆى داعش ئاوارەبوون. حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ فراوان کردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا بۆ بوارەکانى ئابورى و کەلتورى.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.